ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئۆكراینا 9 هەزار كەسی تێپەڕاند
پەیامی کورد... ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئۆكراینا 9 هەزار كەسی تێپەڕاند
یاریدەدەرێكی سەرۆكی ئۆكراینا جەخت لەسەر كوراژنی زیاتر لە نۆ هەزار مەدەنی دەكاتەوە كە 453 منداڵییان تێدایە، كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا تاكو ئێستا تۆمار كراون.
ئەندرێ یرماك بەڕێوەبەری نوسینگەی ڤڵۆدۆمێر زیلینسكی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: 80 هەزار تاوانمان تۆماركردووە كە لەلایەن هێزەكانی ڕووسیاوە ئەنجام دراون و زیاتر لە نۆ هەزار مەدەنیش كوژراون كە 453یان منداڵن.
یرماك ڕوونیشی كردۆتەوە: لێبوردە نابین بەرامبەر بە هیچ كارێكی ئەشكەنجەدان و كوشتن و هەموو تاوانباران دەبێت دادگایی بكرێن، ئۆكراینا دەیەوێت دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە دادگایی كردنی سەكردە سیاسییە ڕووسەكان دابمەزرێت و قەرەبووی ئەو وێرانكارییانە بكرێتەوە كە بەهۆی هێرشەكانی سوپای ڕووسیاوە بەسەر وڵاتدا هاتووە.
شایەنی باسە دوێنێ دوو شەممە، نوسینگەی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو زیاتر لە نۆ هەزار مەدەنی لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای ڕووسیاوە، لە ئۆكراینا كوژراون.