مەترسی هێرشەکانی داعش ڕوو لە زیاد بوونە
هێرشەكانی داعش لەناوچەكانی دەوروبەری كەركوك و پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین ڕووی لەزیادبوون كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، پلانی نوێی چەكدارانی داعش بڕینی ڕێگە سەرەكییەكانو دانانی بۆمب و هێرشكردنە سەر خاڵە سەربازیەكانە، بەتایبەت جموجۆڵی مەفرەزەكانی سەر بەو ڕێكخراوە خەریكە هاتووچۆكردن لەپارێزگای كەركوك و دیالە لەشەواندا پەكدەخات.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لەناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، ڕایگەیاند “چەكدارانی داعش لەنزیك ناحیەی سەعدیە هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی سەربازی حەشدی شەعبی و پێكدادانێكی قورس ڕوویداوە”.
سەرچاوەكە ڕاشیگەیاند “لەو كاتەدا خێزانێك، كە لەبەغداوە بەرەو ناوچەی گەرمیان ڕۆیشتوون، كەوتوونەتە نێو شەڕەكە و بەو هۆیەوە 5 كەسیان كوژران و 4 كەسی تریشیان برینداربوون، كە دوو لەكوژراوەكان پزیشك بوون”.
هەروەها لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا لەنێو كەركوكدا و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە، 4 كەس برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی چەكدارانی داعش لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدینیش جموجۆڵی فراوانیان هەیە.
عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باكووری عێراقی حەشدی شەعبی، جموجۆڵە فراوانەكانی داعشی بۆ نزیكبونەوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گێڕایەوەو ڕایگەیاند “داعش دەیەوێت لەكاتی هەڵبژاردندا تەشویش دروست بكات”.
جموجۆڵە فراوانەكانی داعش لەكاتێكدایە، ڕەخنە لەهێزە عێراقییەكان دەگیرێت، بەوەی تەنیا سەر شەقامە گشتییەكان دەپارێزنو گوندو ناوچە دوورە دەستەكانیان پشتگوێ خستووە.