TR KU SO
FB X
Cîhan

وەزارەتی پلادانانی عێراق ڕێژەی هەژاری لەو وڵاتە زیاتر لە ٢٥٪ ڕاگەیاند

Navas Jan
Admin
📅 24 Mayıs 2021 00:22

پەیامی کورد… وەزارەتی پلادانانی عێراق ڕێژەی هەژاری لەو وڵاتە زیاتر لە ٢٥٪ ڕاگەیاند

 

وتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، رێژەی هەژاری له‌ عیراق کەمێک دابەزیوە و ئێستا رێژەکە لەنێوان 25٪ بۆ 27٪یە.

 

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق رایگه‌یاند، "رێژەی هەژاری لە ساڵی 2019دا 20٪ بوو، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2020 دا بۆ 31.7٪ بەرزبووەوە. دوای ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو ژیان ئاسایی بووەوە، قەدەخەی هاتووچۆ هەڵگیرا و لە سەرەتای ساڵی 2021یشدا دەست بەکارکردنەوە کرایەوە و نرخی نەوت بەرزبووەوە، ژیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرە ئاسایی بوونەوە چوو، ئامارەکانیش گۆڕان. رێژەی هەژاری کەمێک دابەزیوە، ئێستا رێژەکە لەنێوان 25٪ بۆ 27٪یە".

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلادانانی عێراق، هەژاری لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەرزە؛ بۆ نموونە، لە موسەننا 52 ٪ە و لە پلەی یەکەم دێت؛ دواتر زیقار 49٪ و دیوانییە 48٪ی دانیشتووانەکەیان هەژارن. کەمترین رێژەی هەژاریش لە سەرانسەری عێراق لە هەرێمی کوردستانە، کە تێكڕا 12.5٪ە.

 

رێژەی بێکاری لە بەغدا 13٪یە و خەڵکێکی زۆری پایتەختەکەی عێراقیش لە دۆخی ژیانیان و شارەکەیان نیگەرانن.

 

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ژمارەیەکی زۆر لە هەژارەکان بریتین لە ئاوارەکانی پێشوو، بێکارەکان، لەگەڵ زیاتر لە 2 ملیۆن خێزانی عێراقی، کە بەهۆی کۆرۆناوە دووچاری هەژاری بوونەتەوە.

 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ عێراق خاوەنی 3.7 تریلیۆن مەتری سێجا یەدەگی گازی سرووشتیە و لە هەبوونی فۆسفۆڕ و کبریتیشدا دەوڵەمەندە، بەڵام ئەو هەموو سەرچاوە سرووشتییە نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەژاری لە وڵاتەکەدا نەمێنێت یان لانیکەم کەم بێت.

Paylas: