ڤیتکاف : سێ بنکەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران مان لەناو برد
PeyamaKurd - ڤیتکاف : سێ بنکەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران مان لەناو برد
ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ ووڵاتەکەی توانیویەتی دامەزراوە ستراتیژییەکانی پیتاندن و گۆڕینی یۆرانیۆم لە ناوچەکانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆی ناو خاکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرێت.
ڤیتکاف لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیووز" ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر مافێکی حاشاهەڵنەگر دەکرد بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، واشینتۆن یش پێی راگەیاندووە؛ "ئەمریکا مافێکی حاشاهەڵنەگری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دەوڵەمەندبوونی ئەتۆمی ئێران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی ووتەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تاران خاوەنی ٤٦٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە ئاستی 60%، کە تەنیا پێویستی بە هەفتەیەک یان ١٠ رۆژ هەبووە تاوەکو بگەیەنرێتە ئاستی "پلەی چەک" (Weapons-grade) و بەکاربهێنرێت بۆ درووست کردنی بۆمبی ئەتۆمی.
لەو چوارچێوەیەدا، ڤیتکاف ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەم دوایی یەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و ووتی: "ئەگەر ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەی ئێستا ئەنجام نەدرابا، تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، نێردەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پێشنیازێکیان دابووە ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی لە دەرەوەی ووڵات لە بەرامبەر ڕاگرتنی پیتاندن لە ناوخۆ، بەڵام تاران بە تووندی ئەو پێشنیازەی ڕەت کردووەتەوە.
ڤیتکاف پێیوایە ئەم ڕەتكردنەوەیە و شانازی کردنی بەرپرسانی ئێران بە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو، سەلمێنەری ئەوە بوو کە تاران نیازی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبووە.