بەهۆی داگیرکارییەکانی تورکیاوە (١١١) گوندی هەرێم چۆڵکراوە
سوپای توركیا هێزەكانی بەچەند قۆناغێك لەناو خاكی هەرێم زیاد دەكات و لە ناوچەی سیدەكانیش سەنگەر لێدەدات، قائیمقامی قەزای سۆرانیش زانیاری نوێ لەبارەی بڵاوبونەوەی هێزەكانی ئەو ووڵاتە دەخاتەڕوو، ڕاشدەگەیەنێت: 111 گوند چۆڵكراون.
كرمانج عیزەت، قائیمقامی قەزای سۆران لهلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕاگەیاند: لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، توركیا بەچەند قۆناغێك هێزەكانی لەهەرێم زیادكردووە و گەیشتوونەتە سنووری قەزای سۆران، بەڵام تائێستا شەڕێكی قورس لەگەڵ پەكەكە ڕووینەداوە.
وتیشی:” سوپای توركیا دەستیان بە لێدانی سەنگەر كردووەو بارەگای تایبەتیشیان دروستكردووە، ناوبەناویش فرۆكە جەنگییەكانیان بۆردومانی ئەو شوێنانە دەكەن كە گەریلاكانی پەكەكەی لێیە، لەبەرامبەریشدا گەریلاكان چالاكی پارتیزانی ئەنجام دەدەن”.
قائیقامی سۆرانن ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی هاتنی سوپای توركیاو ناسەقامگیری دۆخی ناوچەكە، 111 گوند لە دانیشتوانەكەی چۆڵكراون و گوندی بەرمیزەو ژمارەیەك گوندی تریش كە ئاوەدانن، نزیكەی 500 مەتر لەشەڕو پێكدادانەكانەوە دوورن، بەڵام ئەو دۆخە وایكردووە ناسەقامگیری هەبێت لەناوچەكە”.
سەبارەت بەچۆڵكردنی ناوچە سنوریەكانیش لەلایەن هاوڵاتیانەوە، كرمانج عیزەت ئاشكرایكرد: تا ئێستا مەترسییەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی كە بەتەواوی دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان زێدی خۆیان چۆڵ بكەن، بەڵام ئەگەر بزانین مەترسیان لەسەرە، ناچار دەبین بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدەین”.