TR KU SO
FB X
Kurdistan

دەمیرتاش لەزیندانەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە

نەهرۆ
Editor
📅 05 Mayıs 2018 20:02

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزیندانەوە پەیامێکی بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە، "دەبینە باشترین حزبی سەرسوڕهێنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، کە "گومانی تێدا نییە کە کەمپینی هەڵبژاردنەکە سەخت و نادادپەروەر دەبێت، بەڵام هیوا لەدەست نادەین و پێویستە ماڵ بە ماڵ، شەقام بە شەقام، گوند بە گوند، شەو و ڕۆژ بگەڕێن و قسەیان لەگەڵدا بکەن، لەبارەی منەوە نا، بەڵکو لەبارەی ئەوەی کە چەندە جوان دەبێت ئێمە بە یەکسانی، وەک خوشک و برا پێکەوە بژین".

هەر لەپەیامەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت، "لەمیانی ئەم کەمپینە ماوە کەمەدا، پێویستە هەموو لایەک بە چالاکی بەشداری لە کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردندا بکات".

جەختیشیکردووەتەوە، "من لێرەوە سەرەڕای سنور و ڕێگرتنەکان، هەوڵ دەدەم پاڵپشتیتان بکەم. دەبینین کە دەبینە باشترین سەرسوڕهێنی هەڵبژاردنەکەی ٢٤ی حوزەیران".

هاوسەرۆکی هەدەپە،هێمای بەوەشکردووە، کە هەموو ئەو حزبانەی کە پێکەوە دژی ئەوان کاردەکەن وەک ئەوەی کە هەدەپە بوونی نەبێت، هەڵوێستەکانیان دەبێتە مایەی شەرم بۆیان، چونکە هەدەپە گەورەترین هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ خەڵکی چەوسێندراوەی تورکیادا دروستکردووە.

پەیامەکی دەمیرتاش لەکاتێکدایە، کە بڕیارە (٢٤)ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچن، (هەدەپە) لە ئامەد بەشێوەیەکی فەرمی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکەی وەکو کاندیدی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستنیشانکردووە. 

Paylas: