TR KU SO
FB X
Kurdistan

دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٤٠ مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Navas Jan
Admin
📅 18 Haziran 2022 21:53

پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٤٠ مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەماوەی دوو ڕۆژی كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 40 مامۆستا دەستبەسەركراون، هەڵمەتەكە هاوكاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە ئێران بەڕێوەدەچن.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەكان، شارەکانی (سنە، مەریوان، سەقز و دیواندەرە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەربازگە کراون و هێڵەکانی تەلەفۆن لە شاری دیواندەرە تووشی کێشە بووە.

دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاری سنە چەندین کەسیان لە مامۆستایانی ناڕازییان داوەتە بەر لێدان و کوتان. هەروەها لە بەرەبەیانی پێنجشەممەشەوە چەندین هەلیکۆپتەر بە سەر ئاسمانی شارەکانی سنە، سەقز و بۆکان سوڕاونەتەوە.

ڕێكخراوەكە دەڵێت، نیوەڕۆی پێنجشەممە زیاتر لە 20 كەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتەسەر ماڵی سەلاح حاجی میرزایی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سنە _ کەڵاتەرزان و دەستبەسەریان کردووە. هەروەها غەیاس نێعمەتی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو ئەنجومەنە و بێهزاد قەوامی ئەندامی ئەنجومەنەکە دەستبەسەرکراون.

هاوکات لانیکەم پێنج کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. شەوی پێشتریش 18 کەس لە مامۆستایانی ئەو شارە دەستبەسەرکراون.

بەپێی ڕێكخراوی هەنگاو هەر شەوی چوارشەممە سێ کەس لە مامۆستایانی مەریوانی و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراون.

ڕوونیشیكردووەتەوە، پێنج مامۆستای دیکەی مەریوانی بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و دواتر بە نووسراو بەڵێنییان لێوەرگیراوە کە بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی مامۆستایان نەکەن.

لە دیواندەرە-ش پێنج كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان دەستبەسەرکراون.

لە كۆتاییدا ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ژمارەی مامۆستایانی بەپێی شارەكان دیاریكردووە و دەڵێت، (سەقز 21، دیواندەرە 5، مەریوان 9 و سنە 9 )مامۆستا دەستبەسەركراون.

Paylas: