"دوو پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە سۆران دەکرێنەوە
پەیامی کورد ... "دوو پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە سۆران دەکرێنەوە
دوو پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە سنووری قەزای سۆران جێبەجێ دەکرێن و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت، کێشەی کارەبا تا ڕادەیەک لە سنووری ئیدارەی سۆران چارەسەر دەکرێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەردی بناغەی درووستکردنی وێستگەیەکی نوێی کارەبا لە سۆران دابنرێت و وێستگەکە توانای بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبای ڕۆژانەی ھەیە و دەخرێتە سەر تۆڕی گشتی.''
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "ھەر لەم حەفتەیەدا پڕۆژەی ١٣٢ کەی ڤی سۆران تەواو دەبێت و دەست بە کارکردن دەکات، ئەمەیش یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران.''
ھەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بە ئەو دوو پڕۆژەیەی کارەبا، کێشەی کەمیی کارەبا و کێشەی بارزۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبای سۆران چارەسەر دەبێت، چوونکە ئێستا بەھۆی بارزۆرییەوە ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە توانایدا نییە کارەبای تەواو بۆ سۆران بگوازێتەوە، بەو پڕۆژانە کێشەکە چارەسەر دەبێت.''