ڕاگەێندراوی وەزارەتی کارەبای هەرێم : سبەی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرینگی کارەبا لە سۆران دادەنرێت
پەیامی کورد ... وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی سێشەممە لە سۆران بەردی بناغە بۆ دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دادەنرێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەێندراوێکدا رایگەیاندوە : "سبەی لە ژێر چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغە بۆ دوو پڕۆژەی بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دادەنرێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەتا لە وێستگەی ١٣٢ " كەی ڤی " سۆران لەسەر رێگای سۆران رەواندز بەئامادەبوونی كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بەردی بناغە بۆ پڕۆژەی هێڵی ١٣٢ " كەی ڤی " و گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی سۆران بەگوژمەی شەش ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکردوە، هەمان رۆژ بەردی بناغە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئاو ( HIDRO + ) بەشێوەی وەبەرهێنان لەلایەن هەردو كۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئۆسترالی و strog oil) بەگوژمەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت.