TR KU SO
FB X
Kurdistan

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاسا و بڕیاری نوێ ڕادەگەینێت

سارا
Yazar
📅 15 Haziran 2020 17:00

پەیامی کورد     ...    حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاسا و بڕیاری نوێ ڕادەگەینێت

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاسا و بڕیاری نوێ دەربارەی پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و ڕێكخستنەوەی بازاڕی كار و پێداچوونەوەی یاساكانی پەیوەندیدار بە كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، دەردەكات. بریكاری وەزارەتی پلاندانانیش ڕایگەیاند، سەرۆكی حكوومەت جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت بە زووترین كات ئەو رێنمایی و رێكارانە بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە

دوێنێ یەكشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە برەودان بە كەرتی تایبەت و پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی سیستەمی باجدانانی كرد.

لەو بارەیەوە، زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی دوێننێمان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەسەر بابەتی گەشەپێدانی كەرتی تایبەت گفتوگۆ كرا، كە ستراتیژیەت و كۆمەڵێك رێكاری فعلین و لە لایەن وەزارەتی پلاندانانەوە ئامادە كراوە، كە كۆبوونەوەكەش لەسەر ٧ تەوەری سەرەكی بوو".

بە ووتەی زاگرۆس: "یەكەمیان رەخساندنی ژینگەیەكی  یاسایی لەبارە بۆ كەمكردنەوەی رۆتینی كەرتی تایبەت، چوونكە لە ھەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێنمایی ھەیە كە كێشەیان بۆ كەرتی تایبەت دروست كردووە و پێویستیان بە گۆڕانكاری و رێنمایی تازە ھەیە كە پێویست دەكات ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت دروست بكات".

دەشڵێ، ستراتیژیەتی دووەم، سپاردنی ھەندێك كاری حكوومەت ھەیە كە بدرێتە كەرتی تایبەت، چوونكە ئەوان دەتوانن باشتر جێبەجێی بكەن بە كوالێتێكی باشیش، كە ئەمەش ھاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتییە.

بریكاری وەزارەتی پلاندانان روونیشی كردەوە: "ستراتیژیەتی سێیەم، پەرەپێدان بە سیستەمی بانكییە لە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەت سیستەمێكی بانكی پێشكەوتووی ھەبێت و ئەوەندە ئابوورییەكەمان بە كاش پەیوەند نەبێت، بتوانین ئەم كەرتە ئەساسییەی بانك بووژانەوەی پێوە بكەین و چیتر مامەڵە بە پارەی كاشەوە نەكرێت و ھاوكات بۆ پێدانی قەرزیشە بۆ ئەوانەی پێویستیان بە پارە ھەیە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ستراتیژیەتی چوارەم، ھاندانی بابەتی نێوخۆیی بوو كە ئێمە پێویستیمان بەوە ھەیە لایەنێك ھەبێت لە حكوومەت كە بابەتی بەرھەمی ناوخۆیی گرنگی و گەشەی پێ بدات و چیتر پشت نەبەستین بە ھاوردەكردنەوە، كە ئێمە دەتوانین كۆمەڵێك شت دروست بكەین لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمی بێنین و كۆمەڵێك رێكاری باشمان داناوە لەم بابەتە".

گوتیشی: "ستراتیژیەتی پێنجەم، ھاندانی وەبەرھێنانی راستەوخۆی بیانی و نێوخۆییە، كە ئەمەش كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین دەستەی وەبەرھێنان بەھێزتر بكەین بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی خۆمان یاخود دەرەوە بتوانن وەبەرھێنان لە كوردستان زیاتر بكەن".

ئاماژەشی دا: "ستراتیژیەتی شەشەم، بابەتی بازاڕی كارە، كە چۆن بتوانین ئەو یاسا و رێنماییانەی بازاڕی كار رێك بخەینەوە، كە ئێستا پڕۆژەیاسایەكی كار ئامادە كراوە و پێشكەشی ئەنجومەنی شوورا كراوە و لەوێشەوە دێت بۆ پەرلەمانی كوردستان، كە لێرەدا مافی كرێكار و خاوەنكار زۆر بە روونی دیار بێت، بە تایبەت كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە سیستەمێكی خانەنشینیمان ھەبێت بۆ ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن، واتا ئەگەر یەكێك خزمەتی كرد لە كەرتی تایبەت و دواتریش چوو بۆ كەرتی حكوومەت یاخود بە پێچەوانەوە، ئەوا ئەو ساڵانەی خزمەتی بۆ ھەژمار دەكرێت".

ئەو هەروەها دەڵێ: "خاڵێكی تر كە زۆر ئاماژەمان پێ كردووە، بابەتی كەرتی كرێكاری بیانییە كە دەبێت سنووردار بكرێت و رێژەیەكیان بۆ دادەنرێت و زیاتر ناتوانن كرێكاری بیانی بێنن وە ئەگەر ھاتوو كرێكاری بیانییش ھات، دەبێت بۆ ماوەیەكی كورت بێت، واتا ئەگەر زەروور بوو بۆ كۆمپانیاكە ئەوا دەبێت لە مودەیەكی كەم بێت و گەنجی خۆمان لە شوێنی ئەو كارمەندە بیانییە كار بكات".

فەتاح زیاتر گوتی: "ستراتیژیەتی حەوتەم، سیستەمی ریفۆرمی باج و پەرەپێدانی سیستەمی گومرگە، كە دەبێت سیستەمی باجی خۆمان رێك بخرێتەوە و سیستەمێكی شەفاف بێت كە خەڵك زۆر بە ئاسانی تێبگات كێ دەبێت باج بدات و كێ دەبێت باج نەدات، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە عەدالەت لە سیستەمی باجدا پەیڕەو بكرێت".

پەیوەست بە قسەی سەرۆكی حكوومەت لەو بارەیەوە، زاگرۆس فەتاح گوتی: "‌سەرۆكی حكوومەت زۆر بەلایەوە پەسەند بوو، جەنابیشیان كۆمەڵێك رێنمایی تری پێ گوتین كە دەبێت كاری زیاتری لەسەر بكەین و زۆریش شەفاف بێت، سەرۆكی حكوومەت جەختیشی لەوە كردەوە كە دەبێت بە زووترین كات ئەو رێنمایی و رێكارانە بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە".

ناوبراو راشیگەیاند: "ھەفتەی داھاتوو پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت و لەوێ پەسەند دەكرێت، دواتر تیمێكی شارەزا دادەنێین و وەزارەتی پلاندانان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زووترین كات كاری لەسەر دەكەین".

Paylas: