لە هەولێر ئێوارەی هەموو شەممەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرتی بێ بەرامبەر ساز دەکرێت
پەیامی کورد... لە هەولێر ئێوارەی هەموو شەممەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرتی بێ بەرامبەر ساز دەکرێت
بۆ زیاتر سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و دروستکردنی کەشێکی خۆشگوزەرانی، ئێوارانی هەموو شەممەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرت وەک بەشێک لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی گەشتوگوزار بێ بەرامبەر ساز دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە ٤/٦/٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما دا، ئێوارانی هەموو شەممەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرت بێ بەرامبەر بۆ خەڵک و گەشتیاران ساز دەکات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کۆنسێرت و ئاهەنگەکان کاتژمێر ٨ی ئێوارە دەست پێ دەکەن و هەر جارە لە یەکێک لە پارکەکانی هەولێر دەبێت. بۆ ئەم هەفتەیەش کۆنسێرتەکە لە پارکی شانەدەر ساز دەکرێت.
بەهۆی سەقامگیریی پایتەختی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتیاری، ڕێژەی گەشتیاران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارئاسانییەکی بۆ کەرتەکە کردووە.