لەسەر چەپکە گوڵەکەی مام جەلال دەبێ بەرهەم ساڵح زیندانی بکرێت
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەینێت، قسەکانی بەرھەم ساڵح بۆ سەر حزبەکەی بە “هێرشی بێ بایەخ” وەسف دەکات و بە “خیانەتکردن لە یەکێتی” تۆمەتباری دەکات.
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەرھەم ساڵح، بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، چونکە حزبەکەی لە شاری سلێمانییە و دەیەوێت بەھۆی ئەو ھێرشانەوە بۆ سەر یەکێتی، چەند دەنگێکی یەکێتی بۆ خۆی بەرێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە، بەرھەم ساڵح چوار ساڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بەڵام “ھیچ شتێکی نەکردووە، ئێستا خێرە ڕەخنە لە خۆی ناگرێ و ڕەخنەکانی بۆ سەر یەکێتی چڕ کردووەتەوە؟”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دووپاتی کردەوە: “بەرھەم ساڵح خیانەتی کردووە، ئەگەر خیانەتی نەکردووە، ئەوکاتەی مام جەلال کۆچی دوایی کرد، حزبی جیا نەدەکردەوە، بەڵام ئێستا ئەو خۆی لە یەکێتیی بێبەری کردووە، کەچی باسی چەپکە گوڵەکەی مام جەلال دەکات".
قەدەفەری پێیوایە بەرھەم ساڵح “بۆ پۆست و پلە” ھەوڵی داوە و لە ماوەی ڕابردووشدا داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی کردووە، بەڵام “ئەو پۆستەی پێ نەدرا، بۆیە لە ڕیزەکانی یەکێتی جیا بووەوە". گوتیشی: "قەبوڵی ناکەین بەرھەم ساڵح، سەروەرییەکانی یەکێتی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار بھێنێت، بەڕای من ھەقە بەرھەم ساڵح، زیندانی بکرێت، تا ئەوکاتەی پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێ، ئیتر باسی چەپکە گوڵەکەی مام جەلال ناکەم".
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیش ڕەخنەی لە بەرهەم ساڵح گرتبوو و ڕای گەیاندبوو کە “وەک قەشەکان” قسە دەکات.