TR KU SO
FB X
Kurdistan

ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

Navas Jan
Admin
📅 18 Kasım 2020 01:04

‌پەیامی کورد ... ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد كە جەختكردنەوەیە لەپابەندبوونی هاوڵاتیان بەڕێنماییەكان و بەستنی دەمامك.

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مافپەروەر، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا،  لەدیوانی پارێزگا كۆبووە و كۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-    

 

یەكەم: ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سوپاس و ستایشی دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكات كە لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوو بەهۆی پابەندبوونیان بەڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی، تاڕادەیەك توانراوە لە سنووری پارێزگاكەمان بەشێوەیەك ڕێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا كەمبێتەوە، ئەمەش ماییە خۆشحاڵییە، بۆیە تكا لەهاوڵاتییانی شارەكەمان دەكەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستیی و ڕێكارەكانی خۆپارێزیبن و زۆرهەستیارانە مامەڵە بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەكان و دەمامك ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی شارەكەمان و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەكەكارگێڕییەكان، تیمەكانی تەندروستیی، شارەوانییەكان، هێزەكانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ) دەكەین، كە جوامێرانە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەكەمان و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەكەمان لەئەركدابوونە.

 

دووەم: داوا لەسەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەین، بەوپەڕی هەستكردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانییان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، هەركەسێك ڕەچاووی بەستنی (دەمامك) و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا نەكات، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.   

 

دووەم: داوا لەمامۆستایانی ئاینی و پێشنوێژی مزگەوتەكان دەكەین، لەجێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی هاوكارمانبن:-

 

1- بەهیچ شێوەیەك نوێژخوێن نابێت منداڵ لەگەڵ خۆی ببات بۆ ناو مزگەوت.

2- ڕێگە نەدەن نوێژخوێن بەهیچ شێوەیەك بەبێ بەستنی (دەمامك) و بەرماڵی تایبەتی خۆی بۆ نوێژكردن بڕواتە ناو مزگەوت.

هەر مزگەوتێك پابەند نەبێت، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە دادەخرێت.  

 

سێیەم: (نۆڕینگە، سەنتەر و كۆمەڵگا پزیشكییەكان، نەخۆشخانە ئەهلییەكان) و هەموو ئەو هاوڵاتییانەشی بەمەستی چارەسەر سەردانیان دەكەن، دەبێت پابەندی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنابن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، هەرشوێنك پابەند نەبێ، ڕێكاری یاسیایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەكە بە پێبژاردن و داخستن سزادەدرێت.   

 

چوارەم: هەموو ئەو شوێنانەی كراوەن، (مۆڵ، ماركێت، شوێنە بازرگانیەكان، بازار، چێشتخانە)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن لەبەستنی (دەمامك، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەكردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای كاشیرەی مۆڵ و ماركێتەكان و پێشوازی هوتێل و موتێلەكان)، ‌هەرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامك)جێبەجێنەكات، لێژنەی قایمقامیەتەكان، تیمەكانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەكان ڕاسپێردراون، دەستبەجێ شوێنەكە دادەخەن.  

 

پێنجەم: (پێشانگاكانی ئۆتۆمۆبێل، بازاڕە میللیەكان، گۆڕەپانەكانی باڵندە، هاوینە هەوارەكان، شوێنە گەشتیاریی و گەشتیارەكانیان) دەبێت ڕەچاووی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكەن و پابەندبن بە بەستنی(دەمامك)، هەرشوێنك پابەند نەبێت، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر. 

                                                                                                                             

شەشەم: بۆچاودێریكردن و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا لەشوێنە گشتییەكانی(كۆمەڵگا، قەزا، ناحییەكان)ی سنووری پارێزگای هەولێر، مەفرەزەی گەڕۆك لەهێزە ئەمنیەكان پێكهێنراوە، هەر كەس و لایەنێك پابەند نەبێت ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگێرێتەبەر.    

         

حەوتەم: هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەكسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەكانبن و خۆیان و سەرنشینەكانیان (دەمامك) ببەستن، هەر كەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بكات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەی.      

                                                   

هەشتەم: ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵەكانی بووك گواستنەوه، هەموو جۆرە گردبوونەوە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەیەك).

                                                

نۆیەم: ئەم شوێنانە لەكاتژمێر (12)ی شەو دادەخرێن:- (یانەی شەوانە، نێرگەلەكێشان، یانەكانی مەی خواردنەوە (بار)، لایف موزیك، ئاهەنگی شەوانەی یانەكان)   

                               

دەیەم: (پرسەدانان لە(هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران) قەدەغەیە، بنكەی پۆلیس و موختاری گەڕەك بەرپرسیارن، هەركەسێك پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.                                                                                                                                                                                                     

یانزدەیەم: سەرجەم بازگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكەینەوە، ڕێگە بەهیچ گروپێكی گەشتییاری و كەسێك نادرێت بەبێ بەستانی (دەمامك) داخڵی سنووری پارێزگای هەولێر بێت، بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەگیرێتەبەر.  

 

سێزدەیەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەكان دەبێت (دەمامك) ببەستن، هەر فەرمانبەرێك لە كاتی دەوام (دەمامك)ی نەبەستابێت رێكاری كارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، هیچ هاوڵاتییەك و موراجعێك بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانییان بەبێ بەستنی (دەمامك) بۆی نییە بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەكە ڕوو بەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.

 

Paylas: