گۆرانییەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش ...
.بیر بکەنەوە کە نوێنەرێکی عەرەب وازی لە زمانەکەی خۆی هێناوەو بە زمانی عێبری شێعر دەنووسێت ئاواز بۆ گۆرانی دادەنێت و مێلۆدی دادەڕێژێت
سەڵاحەدین دەمیرتاش تاکوو ئەمڕۆ زۆر چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. هۆنراوەیشی بڵاوکردوونەتەوە. چیرۆکەکانی لە ژێر ناوی سەحەر " چاپخانەی دیپنۆت، ئەنقەرە، 2017 " لە کتێبێکدا کۆکردەوە. لە دوایین جاریشدا گۆرانییەکی بە ناوی 'مەترسە' چڕی کە میوزیک و هۆنراوەی گۆرانییەکە هی خۆی بوو. تەواوی ئەم بەرهەمانە بە زمانی تورکین. میوزیک و هۆنراوەی کۆرکما " مەترسە " بە زمانی تورکین.
لە کۆتایی ئەم گۆرانییەدا دەمیرتاش لەبارەی بەدڵ بوون یاخود بەدەڵ نەبوونی گۆرانییەکە پرسیار لە خەڵک دەکات. هەروەها داوا دەکات را و بۆچوونەکان لەڕێی پەیامەوە بنێردرێن بۆی. منیش لە گۆشەی نیازپاکیی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە، دەمەوێ تێڕوانین و بیرکردنەوەکانم لەبارەی ئەم بەرهەمانە بخەمە ڕوو.
زۆر دەستەواژە هەن کە گوزارشت لە دۆخی کوردان، زمانی کوردی و کوردستان دەکەن. یەکێک لەمانەش ''گەلێک کە دەنگ و مێژووی سڕاوەتەوە''یە. بۆ نموونە ئەو ئاماژەیەی بەرگی دواوەی کتێبی ''خەونی ئەژما'' " نۆتابەنجە، ئەیلوول 2017 " لە وەرگێڕانی، کارۆلین سترکەرس، کە خاوەنەکەی حەیدەر کاراتاشە بەم شێوەیەیە...
دەنگ و مێژووی گەلێک چۆن دەسڕێتەوە؟ ئەمە بابەتێکی لێکۆڵدراو و ناسراوە، لەکاتێکدا بابەتێکە کە هێشتا پێویستە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. لەم بابەتەدا، لە نزیکەوە ئاشنای سیاسەتی دەوڵەتەکانی تورک و عەرەب و فارسین، دەشزانین بە چ شێوەیەک ئەم سیاسەتانە پەیڕەو کراون. هەروەها دەزانین لە بنەڕەتی ئەم سیاسەتانەدا پاکتاوی هەیە. بنەڕەتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاکتاویش بەمشێوەیەیە: هەموو شتێک بۆ کوردێکی تورکئاسا، بەڵام هیچ شتێک بۆ کوردێکی کوردئاسا... ئەو دەوڵەتانە هۆکارەکانی فشاری ئایدۆلۆژیا و فشاری زۆرەملێ بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە پێداگرییەوە بۆ جێبەجێکردنی پاکتاوی پەیڕەو دەکەن. ئەو کەسانەش دووچاری لەناوبردنی فیزیکی و نەفی کردن دەکەن کە دژی ئەو پاکتاوییە خەبات دەکەن. بە شێوەیەک لە شوێن و زێدی خۆیان دووریان دەخەنەوە و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن.
هەڵبەتە هەڵوێستی کوردان و رووناکبیران و سیاسەتوانانی کورد لەم بابەتەدا زۆر گرنگە. لەکاتێکدا بەشێکی هەرەگرنگ لەمانە بە قسەنەکردن و نەنووسین و فێرنەبوونی زمانی کوردی و نەڕەخساندنی هەل بۆ بەدیهێنانی ئەم خاڵانە، بە فێرنەکردنی منداڵانیان تا بە زمانی کوردی بدوێن، بە نەڕەخساندنی زەمینەی فێربوون و زانینی زمانی کوردی، بە بەکارهێنانی زمانی تورکی، خزمەتێکی زۆر پێشکەش بەو سیاسەت و جێبەجێکارییانەی دەوڵەت دەکەن. لەم نێوەندەشدا دەنگ و مێژووی گەل دەسڕێتەوە.
ئاشکرایە ئەمە خزمەتە بە زمانی تورکی و کەلتووری تورکی. بەشێکی زۆر لە رووناکبیر و سیاسەتوان و نووسەرانی تورک بەهۆی ئەم هەڵوێستە مەدح و پێداهەڵگوتن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش ریزدەکەن. دەکرێ و رێگەی تێدەچێت لەمە تێبگەین. بەڵام بەشێکیش لە کوردان بەهۆی بوونی بوێرییەکی وەها، چەپڵە بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش لێدەدەن. بەڵام رێگەی تێناچێت لەمە تێبگەین. لەکاتێکدا رەخنەی ''بۆچی بە زمانی دایکی خۆت نانووسیت؟'' هەڵوێستی زۆر گرنگترە. جا ئەم هەڵوێستە نیشانی دەدات کە چۆن پاکتاوی بڵاوکراوەتەوە و بەرفراوان کراوە.
دەکرێ کەسانێک هەبن بڵێن ''زمان زۆر گرنگە'' کە بێگومان گرنگە. ئەگەر ئێوە بڵێن ''زمان ئەوەندە گرنگ نییە'' لە بری ئەو هەوڵ و کۆششەتان بۆ بوون بە تورکی پلە دوو دەیدەن، بە هەموو بڕیارێکی دەوڵەت دەڵێن بەڵێ، بە تەواوی خۆتان رادەستی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکەی دەکەن و دەبن بە تورکی پلە یەک.
دەوڵەت لەمیانی ئەم رادەستبوونەدا یەکەم شت کە گوتووێتی و دەیڵێت لەم بابەتەدا ئەوەیە :''واز لە زمانی بنەڕەتی بهێنن، بە تورکی قسە بکەن. قسەکردنی زمانی تورکی بۆ منداڵەکانتان فەراهەم بکەن''.
دەوڵەت زۆر لە نزیکەوە تێگەیشتووە لەوەی زمان بە چ واتایەک دێت. ئەمە دۆخێکی تازە نییە. تەنانەت لەوەتی ئیتحادی تەرەقی و عوسمانیی نوێ و نامق کەمالەوە ئەمە هەر بەمشێوەیە بووە. نکۆڵی کردن لە زمانی کوردی، قەدەغەکانی سەر زمانی کوردی، گوتنی ئەوەی کە پەروەردە بە زمانی کوردی جێگەی ئیمکان نییە، پەیوەندیی بەمانەوە هەیە. سەرباری ئەم هەموو هەوڵدان و دانی باجە، بەشێکی زۆر گرنگ لە کورد هێشتا دەرکی بەمە نەکردووە. ئەمە دۆخێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە کە عەقڵیان بەمە نەشکاوە.
***
لەسەرەوە ئاماژە بەوە دراوە کە بەرهەمەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هۆنراوە و چیرۆکەکان هەر بە زمانی تورکی پێشکەشکراون. هەروەها ئاماژەدراوە کە ئەمە خزمەتە بە زمان و کەلتووری تورک. گومان لەمەدا نییە کە دەوڵەت خۆشنوودە لەم دۆخە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئارەزوو دەکات کوردان زیاتر رادەستی ببن، بۆیە شت لەبارەی ئەو خۆشنوودییە ناڵێ و هەوڵدەدات باسی نەکات. بەڵام ئەمە راستییە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش بە هۆی کوردبوونییەوە دەستبەسەرە. بەهۆی ئەوەی هەڵسووڕێنەری پارتێکی دامەزراوە کە بانگەشەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە کورد دەکات، بۆیە لە گرتووخانەدا دەستبەسەرە. دۆخی ئەو پەرلەمانتارانەی دی کە دەستبەسەرن یان حوکمدراون دوور تا نزیک هەمان جۆرە. ئەگەر سەرنج بدرێت لێرەدا کە باسی ماف دەکرێت، داوای بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کۆمەڵگە و پەیوەندییە سیاسییەکان دەکرێت، ئەمە داواکارییەکی رادیکاڵی نییە. بەڵکو ئەمە داواکارییەکی زۆر سروشتییە. بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە کراوەتە پرسێکی ئاڵۆز و کێشەدار، دەبێ سیاسەت و جێبەجێکارییەکانی دەوڵەتان ببنە جێی رەخنە. بەڵام یەکەم خاڵ کە پێویستە رەخنەی لێ بگیردرێت، هەڵوێستی سەقەتی کوردان خۆیانن لەمەڕ زمانی کوردی. دەبێ گەورەترین پێویستیی کوردانی ئەمڕۆ گرنگیدان بێ بە ڕەخنەگرتن و رەخنەی خودی.
لە پرۆگرامی پارتی دیموکراتی گەلاندا پێشنیازەکانی خزمەتکردن بە زمان و کەلتووری کورد هەیە. وەکو کەسێک من نازانم ئەم خزمەتە دەکرێ یان نا، یاخود بە چ شێوەیەک دەکرێت. بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان چ لە ناوەندی پارتەکە چ لە مەڵبەندەکانیدا، لەو شارە کوردییانەی بەڕێکخراوەیین و هتد، بە بەکارهێنانی زمانی تورکی لە هەر بوارێکدا خزمەتێکی گەورە بە سیاسەتەکانی پاکتاویی دەوڵەت و پاکتاویی تورک بۆ سەر کورد و جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە دەکەن. ئەمە قۆناغێکە پێویستە بە شێوەیەکی کرداریترچاودێری و تێڕوانینی بۆ بکرێت.
لە خۆرهەڵاتی ناویندا بەراوردکردنی خەباتی عەرەبە فەڵەستینییەکان و خەباتی کورد، زۆر زانیاری لەبارەی کێشەکانی کورد و فەڵەستین بە ئێمە دەدات و زانیارییەکانمان زیاد دەکات. بۆ نموونە بیر لەوە بکەنەوە کە سەرکردەی رێکخراوی ڕزگاریی فەڵەستین، یاسر عەرەفات، (1929-2004) یاخود سەرکردە عەرەبەکانی دیکەی فەڵەستین، دەستی لە زمانی عەرەبی هەڵگرتبێت و بە زمانی عێبری هۆنراوە بنووسێت و گۆرانی بچڕێت… ئەم قۆناغە چ کاریگەرییەک لەسەر عەرەبە فەڵەستینییەکان درووستدەکات؟ … پێویستە ئەمە بە درێژی بیری لێ بکرێتەوە. دەکرێ بگوترێ کێشەی کورد کێشەیەکی زۆر جیاوازە. بێگومان جیاوازە، جیاوازییەکە پەیوەندیی بە دەنگ و مێژووی سڕاوەی گەلی کوردەوە هەیە. بە شێوەیەکی پەیوەندیدار بە دەنگ و مێژووی سڕاوەی کورد، دەوڵەت و جێبەجێکاریی سیاسەتەکانی دەوڵەت چین؟ هەڵوێستی کورد بەرانبەر بەم سیاسەت و جێبەجێکارییانە چییە؟ پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم قۆناغە لە رەهەندەکانی کات و شوێندا گرنگ بێت. ساختەکاریی ئەوانەش باشتر دەردەکەوێ کە دەڵێن ''پێویست بە دەوڵەتی کوردی ناکات'' و بە پێداگرییەوە داکۆکی لە بوونی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەکەن.
لە ساڵی 2013 لە دیاربەکر کۆبوونەوەیەکی چارەسەری ڕێکخرا. ئەوکاتە ئێمەش لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشیکچی بەشداربووین. بە شێوەیەکی سروشتی ئەوانەی کۆبوونەوەکەیان ڕێکخستبوو و چاودێریی کۆبوونەوەکەیان دەکرد، کورد بوون. دەکرێ چەند تورکێک لە پێشکەشکار و ئامادەبووان هەبووبێت، بەڵام بەشی هەرە زۆر کورد و ئەرمەنی و سوریانی و ئێزیدی و هتد بوون. برادەرێک لە هەدەپە ستەم و ئەشکەنجەی ڕۆبۆسکێی باس دەکرد و ڕەخنەی لێدەگرت، ڕەخنەی لە فشار و ستەمی دەوڵەت دەگرت، بەڵام هەموو ئەمانەی بە تورکی، واتا بە زمانی تورکەکان باس دەکرد. ئەم دۆخە منی سەرسام کرد.
بە بڕوای من دەوڵەت لەم بابەتەدا چاوەڕوانی و بیرکردنەوەکانی بەمجۆرەیە:
''... تۆ بە کەیفی خۆت ڕەخنەم لێ بگرە و تاوانبارم بکە… بەڵام تۆ گۆڕاویت بۆ ئەو دۆخەی کە من دەمەوێت. ئەمە زۆر باشە… من دەڵێم، 'وازلە زمانی بنەڕەتیتان بهێنن. بە تورکی قسە بکەن. لەگەڵ جیهاندا تەنیا لەڕێی زمانی تورکییەوە دەتوانن پەیوەندی ببەستن…' من ئەمانە دەڵێم. تۆش وەک ئەوەی من دەمەوێ ئیدی بە تورکی قسە دەکەیت. ڕەخنەم لێ بگرە و تاوانبارم بکە، هیچ شتێک لەمەوە هەڵناگۆزرێت. گرنگ بە تورکی قسەکردنی تۆیە… منیش ئەمەم دەوێ…'
دەوڵەت هەروەها چاوەڕوانی لەو کەسە هەیە کە ڕۆبۆسکێ و ستەم و فشارەکان بە زمانی تورکی باس دەکات. ''...تۆ لە سەرەتای گوتەکانت بە زمانی خۆت چەند پەیڤێکت گۆ کرد، لە داهاتوودا ڕۆڵەکانت ئەم چەند پەیڤەشیان بۆ ناگوترێت…
نەوەی نەوەی نەوەکانتان.. هتد، تەنانەت بە کوردبوونی خۆشیان نازانن.، دەڵێن 'باپیرانمان کورد بوونە'. لە بەرانبەر ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت پێویستە چ هەڵوێستێکیان هەبێت؟
دیسانەوە لەم چەند ساڵەدا لە دێرسیم کۆبوونەوەیەک ڕێکخرا. لە ئۆجاغی ئاغوچان، 22 دانا " پیر " ، لە تەمموزی 1983 لە ماڵەکەیاندا سووتێندران. هەم لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە ماڵەکەدا بوون سووتێندران. قسەکەرەکان، جیلی ئەمڕۆی ئۆجاغی ئاغوچان باسیان لە چۆنێتیی ڕووداوەکە دەکرد. لەو ڕۆژانەدا لە هۆزات، لە شاخی سەرکەسۆر، هەوڵی ئەوە هەبوو گۆڕی بە کۆمەڵی ئەم 22 پیرە هەڵبدرێتەوە و ڕووفاتەکان بگوازرێنەوە و مەزارگەی تازەیان بۆ بکرێت. چەند ئافرەتێکیش لە جزیرەوە بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردبوو. ئەو ئافرەتانە باسیان لەو ستەم و فشارانە دەکرد کە لە 2015، لە ''شەڕی خەندەق'' بینیبوویان. یەکێک لەو ئافرەتانەی کە ئەم ستەمانە ڕووبەڕووی بووبوونەوە گوتی ''داوای لێبوردن دەکەم کە ناتوانم بە زمانی تورکی قسە لەگەڵ ئێوە بکەم. بە هۆی ئەوەی ناچارم بە زمانی خۆم قسەتان لەگەڵ بکەم، شەرمەندەم''. ئینجا ئافرەتەکە دەستی بە گوتەکانی کرد. ئەم گوتەیەش زۆر سەرسامی کردم. چوونکە بەدەر لە چەند قسەکەرێک و چەند بەشداربووێک، بەشێکی زۆر لە ئامادەبووانی کۆبوونەوە کورد بوون. لە نێو هەدەپەدا زۆر لە ڕێکخستەکانی وەکو باڵی گەنجان و باڵی ئافرەتان هەن. هەروەها کار و چالاکی پەروەردەییشیان هەیە. یەکێک لەو ئافرەتانەی کە لەو ڕێکخستنانەدا کار دەکات، باشە تۆ بڵێی چ جۆرە پەروەردەیەکی وەرگرتبێت کە بەم ڕادەیە بووەتە بێگانە بە زمانەکەی خۆی. سەرباری ئەو ستەمە دەیەوێ بە زمانی ستەمکاران قسە بکات. هەروەها کە نەیتوانیوە بە زمانی بێگانە قسە بکات، داوای لێبوردن لە ئامادەبووان دەکات.
لەم گۆشەیەوە لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 24ی حوزەیرانی 2018، سوودی خۆی هەیە. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا هەدەپە بە 67 پەرلەمانتار لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دەکرێت. لە بڕوایەدام بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی داهاتوو، ئەم پرسیارانە بکرێن. چەند لەم پەرلەمانتارانە کوردن؟ چەندێک لەم پەرلەمانتارانە دەتوانن بە زمانی کوردی بدوێن؟ چەندیان دەتوانن بە کوردی بنووسن؟ ئەو پرسیارەی کە زۆر لەمانە گرینگترە ئەوەیە، ئایا چەند لەو پەرلەمانتارانە ئێوارە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، لەسەر خوانی نانخواردن، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیدا بە کوردی قسە دەکەن؟ لە بابەتی ئەوەی کە داهاتوو چی دەهێنێتە پێشەوە، پرسیارکردن لەمانە و بیرکردنەوە لەم جۆرە پرسیارانە پێویست و گرنگە.
ئیدی ڕووناکبیرانی تورکیش دەستەواژەی ''گەلێک کە دەنگ و مێژووی سڕاوەتەوە'' بەکاردەهێنن. بەڵام بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیر و نووسەر و سیاسەتوانانی تورک بە کوردان ناڵێن ''دەنگی خۆتان بدۆزنەوە و خۆتان مێژووی خۆتان بنووسنەوە''.
بەڵکو دەڵێن ''ئینتەرناسیۆنالیزم هەموو شتێک چارەسەر دەکات'' ئەم بیرۆکەیە لای کوردان دروست دەکەن. کوردان کە خاوەن توانا و پێویستی نین، ئەگەر لەم دۆخەدا هەڵسەنگاندنیان پێبکرێت لەگەڵ دەوڵەتەکانی تورک و عەرەب و فارسی خاوەن هەموو جۆرە توانا و پێویستییەک، لە پەراوێزخستن و تواندنەوەی کورد لە سیاسەتی پاکتاویی ئەم دەوڵەتانە بەولاوە هیچ ئەنجامێکی دیکە نادرێ بەدەستەوە.
ئەگەر ئەو کوردانەی خۆیان نین، ئینتەرناسیۆنال بن، لە توانەوەی کوردان بەولاوە هیچ ئەنجامێکی دیکە نابیندرێت. بوون بە ئینتەرناسیۆنال لەوەوە دەستپێدەکات کە خۆت بیت. مەرجی بنەڕەتیی ئەوەی کە خۆت بیت، خاوەنێتیکردنی زمانی دایکە و ژیانە لەگەڵ زمانی دایک، هەروەها بەکارهێنانیەتی. لانی کەم پەی بردنە بە پێویستیی هەوڵدان بۆ ئەم مەرجانە و گەیشتنە بەم قەناعەتەی کە نەبوونی ئەم مەرجانە دۆڕانە. ئەمە ناسیۆنالیزمییە جگە لە ڕاکردن لە کوردبوون و کۆششەکانی کوردبوون هیچی دیکە نییە. لەکاتێکدا کە کوردان پێویستیان بە پارێزگاری لە برایەتی هەیە، بۆچوونی ساختەی برایەتی گەلان بێ بەرانبەر نییە. یەکسانی، هەوڵدانە بۆ یەکسان بوون. یەکسانی، لە تەک یەکسانی یاسایی و کۆمەڵگەیی، یەکسانیی سیاسیش لەخۆ دەگرێت.
ئەو کوردانەی پارێزگاری لە زمانی کوردی ناکەن و لەگەڵ زمانی کوردیدا ناژین، بە هەوڵەکانی پەلکێشکردنی چەپی تورک بۆ پەرلەمانی تورکیا، هەروەک عادل یڵمایان و موجاهید بیلیجی دەڵێن، جگە لە حەمباڵێک زیاتر نین. چونکە لێرەدا کوردان ئەو قورساییەی شانیان داوەتە بەر هی ئەوان نییە، بەڵکو قورسایی و باری کەسانێکی دیکەیە. لە کاتێکدا قورسایی و باری ئەوان لەو ناوە کەوتووە و لە کەڵەکەبوون و گەورەبووندایە. چەپی تورک پێویستە بە بیر کوردان بهێننەوە کە ئەو بارە هی ئەوان نییە. هەستدەکەم لەم بابەتەدا پێویستە چەند ڕستەیەک لەسەر نەتەوەچێتیی بنووسم. لە ساڵانی 1960-1970-1980 و هتد، کاتێک کوردان دەیانویست بە زمانی کوردی بدوێن، یاخود ویستێکی لەم شێوەیەیان دەبوو، چەپی تورک بە کوردانیان دەگوت ''با نەتەوەچێتی نەکەین'' و هۆشدارییان پێدەدان، جا ئەم هۆشدارییە کاریگەریی زۆری لەسەر کوردان دروستدەکرد. کوردان بۆ ئەوەی رووبەڕووی ڕەخنەیەکی لەمجۆرە نەبنەوە، هەوڵیان دەدا خۆیان لە زمانی کوردی بەدوور بگرن. ئەو کوردانەی ویستی دەرخستنی ئەو زمانە کوردییە ستەمدیدەیەیان دەبوو، بە گوتنی نەتەوەچێتی بەرهەڵستییان دەکرا.
ئەمڕۆیش دۆخەکە جیاواز نییە لەوکاتە… لەکاتێکدا، تورکە ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانیش بە تورکی قسەدەکەن. کەواتە بۆچی تورکە راستڕەو و تورکە چەپڕەوەکان بە گوتنەوەی ''نەتەوەچێتی'' دژی زمانی کوردی دەردەکەون؟ جگە لەمە هەڵبەتە دەبێ کوردان نەتەوەچی بن. چونکە زمانێک هەیە کە لە ژێر فشاردایە. زمانێکی قەدەغەکراو هەیە. بە پێچەوانەوە هەوڵەکانی دەرخستنی ئەمە وەکو رۆژی رۆشن، کۆششە بۆ ئازادیی گەردوونی، هەروەها خەباتە دژ بە فشار و ستەم.
بەڵام تورکی راستڕەو و تورکی چەپڕەو تەنانەت پەی بەوە نابەن کە خاوەن بەشێکی هەرە گەورەی ئەم جیاکارییەن. بارش ئونلو لە بەرهەمە بە پێزەکەی بەناوی ''گرێبەستی تورکچێتی'' (چاپ؛ دیپنۆت،2018) بە شێوەیەکی زۆر روون ئەمە شی دەکاتەوە.