ئێران ئاستی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی دەرەکی بەرز دەکاتەوە
پەیامی کورد... ئێران ئاستی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی دەرەکی بەرز دەکاتەوە
سەرچاوە سەربازییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، وڵاتەکەیان ئاستی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی دەرەکی بەرز کردووەتەوە و شار و ناوچەکانی لەڕووی سەربازییەوە ئامادە کردووە.
مەهدی فەرەحی جێگری وەزیری بەرگریی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی وتووە، هێزەکانی بەرگریی وڵاتەکەی دەتوانێت ئەو هەڕەشە و هێرشانە دیاری بکات کە دەکرێنە سەر وڵاتەکەی و بە درێژایی کات کار دەکەن و هەڕەشەکان بەپێی جۆرەکانیان ئاشکرادەکەن.
فەرەحی دەڵێت، ئەم ڕۆژانە ململانێی توند و ئاڵۆز بەخۆوەدەبینن، جۆرە جیاوازەکانی جەنگ ڕوو دەدەن وەک، هێرشی ئەلیکترۆنی، دەکرێت هەندێک وڵات بە هێرشی بایۆلۆژی ئێران بکەنە ئامانج.
هەروەها قادر ڕەحیم زادە فەرماندەی بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە باشترین حاڵەتی ئامادەییدان.
ئێران هەریەکە لە ئیسرائیل و ئەمریکا بە هێرش بۆ سەر وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات، هەروەها ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبار دەکات و ئیسرائیلیش تا ئێستا نە پشتڕاستی کردووەتەوە و نە ڕەتی کردووەتەوە.
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش ڕەگوڕیشەیەکی کۆنی هەیە، لە نوێترین ناکۆکیدا ئێران دوو کەشتیی ئەمریکای دەستبەسەرداگرت و بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی ناویبرد.