ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت
پەیامی کورد... ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی و متمانەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئاستێکی باڵایە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی (ئیرادەی پتەو) یش بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئابی 2022، تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆتایی هەفتەی ڕابردوو قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەو"یان دەستپێکردووە بەرهەمی پلان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پێشمەرگەیە".
ئاماژەشی بەوە دا، ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە پشکنین و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەنەیە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە و بە ناوچەی (بۆشایی ئەمنی) ناسراون، بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە و شارۆچکەی خورماتوو.
خەفاجی ئاشکراشی کرد، "ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو ئامانج و پەیامی سەرەکی هەیە، یەکەمیان، هەماهەنگی و سەرکردایەتی کردنی هاوبەشی هێزەکانن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچە سەختانە، دووەمیان، ناردنی پەیامێک بە تیرۆریستانی داعش کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پێکەوەیی، کار دەکەن بۆ پاراستنی ئاساییشی وڵات لە تیرۆریستانی داعش".
جەختیشی لەوە کردەوە، "هێزە ئاسمانییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق، ڕۆڵیان هەبووە لەم ئۆپەراسیۆنە و توانیویانە ئەو ئامانجانەی کە بۆیان دیاری کراوە بە سەرکەوتوویی بیپێکن و بگەن بەوەی کە دەیانەوێت.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاشکراشی کرد، " لەو ئۆپەراسیۆنەدا توانراوە پێنج پەناگەی داعش، لەگەڵ ماتۆڕسکیلێک لەناوبەرن و دەستیش بە سەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گرنگە، بۆ دروستکردنی ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ کاری هاوبەش، کە یارمەتی گۆڕینەوەی زانیاریی و دروستکردنی متمانەی زیاتر دەدات لە نێوان هێزە ئەمنییەکاندا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعش".