TR KU SO
FB X
Kurdistan

پارێزگاری هەولێر: مەترسیی کەمیی ئاو زۆر جدییە و لە توانای ئێمە دەرچووە

Navas Jan
Admin
📅 04 Temmuz 2021 14:22

پەیامی کورد … پارێزگاری هەولێر: مەترسیی کەمیی ئاو زۆر جدییە و لە توانای ئێمە دەرچووە

 

پارێزگاری هەولێر هۆشداری لەبارەی كەمئاوییەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت،"مەترسییەکە زۆر جدییە و لە توانای ئێمە دەرچووە".

 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند،"هەولێر دوو سەرچاوەی ئاوی هەیە، 35٪ ئاوی سەرزەوییە و 65٪ی سەرچاوەکەی دیکە ئاوی ژێرزەوییە کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بۆ نموونە لە ساڵی 1996 قووڵی بیرلێدان 120 مەتر بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 400 مەتر و لە هەندێ شوێن تاوەکو 500 مەتر رۆیشتووە".

 

ئاماژەی بەوەشدا،"هەموو هاوینان کێشەی ئاو دەبێت، پێشتر لە مانگەکانی حەوت و هەشت کێشەکە سەریهەڵدەدا، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی پێنجەوە کێشەکان سەریانهەڵدا و مانگی هەشت کێشەی کەمئاوی زۆر زیاتر دەبێت و رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە کەمێک بەرەو ئاساییبوونەوە بڕوات".

 

ئەوەشی خستەڕوو، "مەترسییەکە زۆر جدییە و لە توانای ئێمە دەرچووە، خەڵک هەن بە گریانەوە تەلەفۆنم بۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی، رۆژانە زیاتر لە 150 تەلەفۆنم بۆ کێشەی ئاو بۆ دێت".

 

پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵیت،"پێویستمان بە هاوکاری هاوڵاتییانە، داوایان لێدەکەین دەست بە ئاوەوە بگرن، هەر ئاوێکیش بە نایاسایی راکێشرابێ دەیبڕین".

 

Paylas: