رووپێوێكی سەرتاسەری لە عێراق و ھەرێمی كوردستان لەبارەی رەوشی ھەژاری و دیاریكردنی ھێڵی ھەژاری بەڕێوەدەچێت
بڕیارە ساڵی داھاتوو گەورەترین رووپێو دەربارەی رەوشی ھەژاری لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، رێژەی ھەژاری دیاری دەكرێت و ئەو ئامارانەی ئێستاش بڵاو دەكرێنەوە، راست نین.
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "بڕیارە ساڵی داھاتوو رووپێوێكی سەرتاسەری لە عێراق و ھەرێمی كوردستان لەبارەی رەوشی ھەژاری و دیاریكردنی ھێڵی ھەژاری بەڕێوە بچێت و لەلایەن سندووقی نێودەوڵەتییەوە بوودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان كراوە، چوونكە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرینگە و تا كۆتایی ساڵیش دەخایەنێت".
سەرۆكی دەستەی ئامار ووتیشی: "دوایین رووپێوی دیاریكردنی رێژە و ھێڵی ھەژاری لە عێراق و ھەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچووە و جگە لەوە ھیچ رووپێوێكی دیكە ئەنجام نەدراوە، لەبەر ئەوەش رێژەی ھەژاری نازانرێت لە ئێستادا چەندە".
لەبارەی ئەو ئامارانەی سەبارەت بە رێژەی ھەژاری بڵاو دەكرێنەوە، سیروان محەمەد روونی كردەوە: "ئامارێكی راست و دروست نین ئەوانەی بڵاو دەكرێنەوە، چونكە عێراقیش رەتی كردەوە ئەو ئامارانەی لەبارەی پرسی ھەژاری بڵاو دەكرێنەوە، زانستی نین و ھەر بەپێی ئەو ئامارانەی ساڵی ٢٠١٨ خوێندنەوە بۆ رێژەی بێكاری دەكرێت، لە ھەرێمی كوردستانیش بە ھەمان شێوە رێژەی ھەژاری دیار نییە، تا ئەو كاتەی رووپێوی سەرتاسەری دەكرێت".