پارتی داوا دەکات سەرۆکی هەرێم لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە سیستمی سیاسی هەرێم گۆڕابێت بۆ پەرلەمانیی و رایگەیاند، هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ گۆڕان نییە و بارزانیش جارێكیتر خۆی كاندید ناكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی ڕەتیكردەوە بە پەسەندكردنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم، سیستەمی سیاسی بووبێتە پەرلەمانی و دەڵێت، “یاساكە هیچ پەیوەندی بە گۆڕینی سیستمی سیایەوە نەبووە”.
پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختیشی كردەوە مەبەست لە دەرچوواندنی ئەو یاسایە تەنها درێژەدان بووە بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
فەرحان جەوهەر ئاماژەی بەوەشكرد پارتی و گۆڕان هیچ ڕیككەوتنێكیان نییە سەبارەت بەو پرسە، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت.
هەروەها ووتی : دوای پەسەندكردنی دەستور كە لە یاساكەدا ئاماژەی پێكراوە سهرۆك مەسعود بارزانیش وەك هەر تاكێكی تر مافی خۆۆكاندیدكردنی هەیە، بەڵام بارزانی خۆی كاندید ناكاتەوە.
ئەو وتانەی فەرحان جەوهەر لەكاتێكدایە پێشتر پەرلەمانتارێكی گۆڕان ڕایگەیاندبوو بە پەسەندكردنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم سیستەمی سیاسی گۆڕاوە بۆ پەرلەمانی.