یاسین عزەدین : حەشدی شەعبی بە ناوی داعش ناوچەکانی کەرکووک تەعریب دەکات
دوای ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تێرۆریستی لە سنووری کەرکووک و دەورووبەری ، جێگری مەڵبەندی کەرکووکی یەکیتی گوتی : حەشدی شەعبی بە ناوی سەرهەڵدانەوەی داعش خەڵکی کورد لەم ناوچەیە تەعریب دەکات .
یاسین عزەدین ، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکیتی لە کەرکووک دەڵێت : توندوتیژییەکانی ئەم دواییە بۆ " عەرەبە شۆڤێنییەکان " دەگێرێتەوە نەک داعش و دەڵێ : بە هاوکاری چەند ووڵاتێکی ناوچەکە ، دەیانەوێ بە ناوی داعشەوە سیاسەتی تەعریب جێبەجێ بکەن و خەڵکی کورد لە ناوچەکانیان ڕاوبنێن و گوندەکانیان پێ چۆڵبکەن . "
یاسین عزەدین پێ وایە " ئامانجی سەرەکی چەکدارانی داعش پەلاماردانی سوپای عێراقە . " هەرچەندە ئەو بەرپرسە ناوی هیچ ووڵاتێک لەوانە ناهێنێ کە پێوایە هاوکاری گرووپە توندڕەوەکان دەکەن بۆ شێواندنی ناوچەکە ، بەڵام پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە ئەوەی ڕوودەدات بە پشتیوانی ووڵاتانی ناوچەکەیە و واز لە کورد ناهێنن و دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە کورد بە تەواوەتی لاواز بکەن ، هاوکات باس لەوە دەکات ئەو هێزانەی پەلاماری گوندەکان دەدەن " هێزی ڕاهێنراون . "
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکیتی لە کەرکووک ، هێندە دڵنیایە لە ووتەکانی خۆی کە هەمووی زانیاری درووستن و ووتی هەنگاوی ئەوەلی سیاسەتی تەعریب کردنەکە بە گوندەکان دەستپێدەکات ، هەروەها هەنگاوی دووهەم شارۆچکەکانی داقوق و خورماتوو دەگرێتەوە .