TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دانووستانەکانی کورد و بەغدا بەهێز و پێشکەوتووتر دەکات

سارا
Yazar
📅 24 Haziran 2019 15:29

پەیامی کورد    ...   سوپاسالاری پێشووی عێراق دەڵێ، دوای چوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دانووستانی چڕ لە نێوان ھەرێم و بەغدا لە بارەی وەرگرتنەوەی پشکی کورد لە پۆستە ئەمنییەکان دەستی پێکردووە، لەماوەیەکی نزیکدا رەنگە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە کورد کۆمەڵێ پۆستی گرینگی ئەمنی بەردەکەوێت.

بابەکر زێباری رایگەیاند: "زۆر زەروورە سیستمی پێشوو پەیڕەو بکرێت لە دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکانی عێراق، ئەویش  ٤٥ % بۆ شیعە و ٢٥% بۆ سوننە و ٢٠% بۆ کورد، ئەوەی دیکەش بۆ پێکھاتەکان داندرابوو، بۆیە ماوەی ھەفتەیەکە دانووستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکان دەستی پێکردۆتەوە و، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستانیش لە چەند رۆژی ڕابردوو سەردانی بەغدای کردووە و دانووستانیان لەسەر ئەو پرسە کردووە".

سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتیشی: "گرینگە کورد سەرجەم پۆستەکانی وەربگرێتەوە، وەکو سوپاسالار و ئەمینداری گشتی و چوار جێگریشی لە وەزارەتی بەرگری ھەیە، پشکێنەری گشتییە و چەندین بەڕێوبەریش، بۆیە ئەگەر کورد ئەو پۆستانە وەرگرنەوە، ئەوا رۆڵی کورد لەناو سوپای عێراق زۆر باش دەبێت و دەتوانێ بەرگری باش لە ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە تەنھا وەزارەتی بەرگری نییە وەزارەتی ناوخۆش کورد پشکی ھەیە".

بابەکر زێباری باسی لەوەشکرد، کە چەندین لیژنەی ھاوبەشیش پێکھاتووە و گفتووگۆ لەسەر سەرجەم کێشەکان دەکرێت، لەوانە ناوچە کوردستانییەکان، کە تاوەکو ئێستا دانووستانەکان خاو بوون، بەڵام دوای چوونی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا ھێزێکی داوەتە ئەو پرۆسەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش یەکلایی دەکرێتەوە، چونکە سەردانەکە دەبێتە ھاوکارێکی باش.

زێباری گوتیشی: "ئەگەر سوپاسالار بدرێتەوە کورد، دەستەڵاتێکی یەکجار زۆری ھەیە، ھەموو ھێزی عێراق لە دەست ئەو دەبێت و بەھیچ شێوەیەک ناتوانن غەدر لەکورد بکەن، بۆیە پێویستە کورد ئەو پۆستانە وەربگرێتەوە".

 

Paylas: