تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە هەرێم گیانی لەدەستدا
پەیامی کورد... تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە هەرێم گیانی لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵە.
د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتەکە بڵاوی کردووەتەوە، بەداخەوە یەکێک لە گومانلێکراوانی پەتای خوێنبەربوون کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵە، وەکوو یەکەمین حاڵەتی مردن بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا.
باسی لەوەش کردووە، گەنجەکە خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران و پشتڕاستکردنەوەی وەکوو تووشبووی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ چارەسەر بووە، بەڵام باری تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنمایییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون.