PeyamaKurd - ترامپ بژاردەی گەمارۆی درێژماوە ھەڵدەبژێرێت؛ فشار لەسەر شادەماری نەوتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە یاریدەدەرەکانی داوە خۆیان بۆ گەمارۆدانی درێژماوەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترامپ لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایی یەدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە درێژەدان بە گەمارۆوەكان، سەرەڕای تێچوون و فشارەکانی، بە بەراورد لەگەڵ دوو بژاردەکەی دیکە مەترسی كەمتری ھەیە؛ نە دەست پێکردنەوەی دەست بەجێی بۆردومانەکانی بە بژاردەیەکی خوازراوتر زانیوە و نە کشانەوەی لە ململانێیەکان بە قبووڵ کراو زانیوە.
ئامانجی ئەم ستراتیژە درێژەدان بە فشارەکان بۆ سەر ئابووری و هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگای سنوورداركردنی جووڵەی کەشتیەکان بۆ بەندەر و ڕێگا گرینگەکانی ڕێژیمە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ترامپ پێشنیاری ئەم دوایی یەی ئێرانی بە ناتەواو زانیوە و لە جەخت کردنەوە لەسەر ڕاگرتنی درێژخایەن لە پیتاندن و کشانەوەی ڕاستەقینەی ڕێژیم لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوامە.