PeyamaKurd - هێگسێت : ترامپ سوورە لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند : دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە پێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووەوە، ئازایەتی و ئیرادەی ئەوەی هەیە کە ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بکات و ئەمە بۆ ئەو پرسێکی تەواو جیددییە.
ناوبراو ڕەخنەی لە دیموکراتەکانی کۆنگرێس و بەشێک لە کۆمارییەکان گرت و ڕایگەیاند کە ئێستا گەورەترین چالش قسەی بێ هیوا و بێ بنەمای ئەو کەسانەیە کە گرینگی ئەم شەڕە پشت گوێ دەخەن.
هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە تەنها دوو مانگ بەسەر دەستپێکی ئەم ململانێیەدا تێپەڕیوە و ئەم ماوەیە بە بەراورد بە بوونی درێژخایەنی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و ڤێتنام زۆر كەمە. بە بڕوای ناوبراو، ئەمە شەڕێکی حەیاتییە بۆ ئاسایشی گەلی ئەمریکا، چونکە کۆماری ئیسلامی نابێت بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هەروەها وتی: هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی واشینتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن ڕۆڵێکی گەورەتر لە پێش خستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دا بگێڕن و، ئەمریکا تەنیا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەرکەوتنی بەرچاوی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەدەست هێناوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتەکانی پێشوو ڕێککەوتنی خراپیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا هەبووە و فەرمانڕەواکانی تاران هەرگیز دەست بەرداری تەماحە ئەتۆمییەکانیان نەبوون. هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا شەو و ڕۆژ چاودێریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات