وەزیری نەوتی عێراق: رازینابین بە هیچ كەمكردنەوەیەك لە بەرهەمهێنانی نەوت
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: رازینابین بە هیچ كەمكردنەوەیەك لە بەرهەمهێنانی نەوت لەكۆبونەوەی داهاتووی ئۆپێك پڵەس.
بە پێی ئاژانسی (بلۆمبێرگ) حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق راگەیاندووە: رازینابن لەسەر تازەكردنەوەی هەر كەمكردنەوەیەك لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆبونەوەی داهاتووی (ئۆپێك+) ئەوەش رێگاكانی دانوستانی رێكخراوەكە لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا قورس دەكات.
بڕیارە وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك لە یەكی حوزەیرانی داهاتوودا لە ڤیەننا كۆببنەوە پێشبینی دەكرێت كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئێستا بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵ درێژبكەنەوە عێراق وەك دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێك بۆتە جێی نیگەرانی ئەو رێكخراوە بەهۆی ئەوەی شكستیهێناوە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لە پابەندبوون بەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریكراوە بەرهەمی بهێنێت.
بلۆمبێرگ باسی لەوەكردوە، دیارنیە وەزیری نەوتی عێراق پارێزگاری لە هەڵوێستەكەی دەكات لە كۆبونەوەی ڤیەننادا یان نا، هاوكات یەكێك لە نێردەكانی ئۆپێك رایگەیاندووە ئەو پرسە هەڵسوكەوتێكی ئاساییەو باوە پێش كۆبونەوەكان.
دوای چەند كاتژمێركی كەم باسم محەمەد خزەیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق بە زمانێكی ئاشتەواییانە وتی: بەغدا پابەند دەبێت بە بڕیاری كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی نەوت تا وادەی كۆتایی كە ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی دیاریانكردووە.
ئاماژەی بەوەكرد، عێراق لەمانگەدا (3.4) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە رەوانە دەكات ئەوە توزێك لەو بڕە زیاترە (3.3) ملیۆن بەرمیل كە عێراق رایگەیاندووە لەمانگی ئازاردا هەناردەكانی كەمدەكاتەوە وەك بەشێك لە هەوڵانەی خراوەتەگەڕ بۆ گێڕانەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئەو ئاستەی لەسەری رێككەوتن كراوە.
عێراق مێژوویەكی درێژی هەیە لە بەدینەهێنانی ئامانجەكانی ئۆپێك ئەوە لەكاتێكدایە رازیبووە لەسەر ئەنجامدانی كەمكردنەوەی زیاتر تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ قەرەبوكردنەوەی لاوازی پایەندییەكانی ئەم دواییەی.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی نەوت كۆی هەناردەی نەوتی عێراق لەساڵی (2023)دا نزیكەی (1.23) ملیار بەرمیل بووە تێكڕای هەناردەی مانگانەی نەوت گەیشتووەتە (102.6) ملیۆن بەرمیل بە تێكڕای رۆژانەی (3.4) ملیۆن بەرمیل بە بەرزبونەوەی (5.36%) لە ئاستی هەناردەكردنی ساڵی (2022).
ئەم بابەتە 52155 جار خوێندراوەتەوە