پەیامی کورد ... بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستی بەسەر 27 دەمانچەدا گرت و تۆمەتبارێكیشی قۆڵبەست كرد.
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، دوای پێدانی زانیاری لە لایەن چەند كەسێكەوە، كەوا چەند دەمانچەیەك كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت، هێزەكانیان توانیویانە دەست بەسەر 27 دەمانچەدا بگرن و تۆمەتبارێكیش بە تۆمەتی بازرگانیكردن بەو دەمانچانەوە دەستگیر بكەن.
بە وتەی لیوا عەبدولخالق، پۆلیسی ناوشار - بەشی ڕۆژهەڵات، بە هاوئاهەنگیی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین و بنكەی پۆلیسی ئیسكان، دەستیان بەسەر ئەو دەمانچانەدا گرتووە و، ئەو تۆمەتبارەش كە دەستگیر كراوە، شوفێری تەكسییە بە ناوی (ش.ك.ع) و تەمەنی (۳۸) ساڵە.
لیوا عەبدولخالق دەشڵێ: 3 لەو دەمانچانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ پشكینین و لێكۆڵینەوە، لای پۆلیسی بەڵگە و تاوانن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی كردەوە، دۆسیە بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە