نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

پەیامی کورد    ...   بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە  ٨ی ٠٤ی ٢٠٢٠ بە هۆی نزیکبوونەوەی رێککەوتی کۆبوونەوەی ووڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانانی، جارێکی دیکە هیوای وەبەرهێنەران لەبارەی کەمکردنەوەی قەبارەی بەهەمهێنانی نەوت بەرزبوەوە، بەمەش نرخەکەی جارێکی دیکە بەرزبوەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ٧٥ سەنت زیادیکرد، کە لەسەدا ٢.٤-ی نرخەکەیەتی و بەوەش گەیشتە ٣٢.٦٢ دۆلار.

هاوکات، نرخی نەوتی ئەمریکا زیاتر بەرزبوەوە و هەر بەرمیلێک ١.٣٠ دۆلاری چوە سەر کە لەسەدا ٥.٥-ی نرخەکەیەتی و بە ٢٤.٩٣ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

وابڕیارە سبەینێ پێنجشەممە بەشێوەی پەیوەندی ڤیدیۆیی ووڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانانی کۆبوونەوەی فراوانی خۆیان لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پاڵپشتیکردنی نرخەکەی لە بازاڕە ئابوورییەکاندا ئەنجامبدەن، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری لێکەوت.

ئەمە لەکاتێکدایە پێنجی مانگی رابردوو کۆبوونەوەی رێکخراوەکە بە شکست کۆتاییهات بوە هۆی دەستپێکردنی ململانێ لە نێوان سەعوودیە و رووسیا لەبارەی نرخی نەوتەوە، کە دوو گەورە بەرهەمهێنی ئەو رێکخراوەن و سەرپەرشتیشی دەکەن.

هەرچەندە ووڵاتانی ئۆپێک ئامادەییان دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام هێشتا دیار نییە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەیەوێت هیچ بەربەستێک لە بەردەم بەرهەمهێنانی نەوتی ووڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی نرخەکەی دابنێت یاخود نا.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشداربێت لە کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بە هەماهەنگی لەگەڵ ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی ئۆپیک، ئەوا رەوشی بازارەکانی نەوت پێچەوانە دەبێتەوە و نرخەکەی جارێکی دیکە بەرەو هەڵکشان دەڕوات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە