پەیامی کورد … خۆپێشاندان دژی پچڕانی كارەبا ئێرانیشی گرتەوە
بەهۆی زۆر بوونی پچڕانی كارەبا لە چەندین شار و شارۆچكەی ئێران خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.
ماوەی چەند مانگێكە لە ئێران كێشەی كارەبا سەریهەڵداوە و لە رۆژانی رابردوودا پچڕانی كارەبا لەو وڵاتە زیادی كردووە و ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵكی لێكەوتوەتەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، لە ژمارەیەك شار و شارۆچكەی ئەو وڵاتە گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی دابەشكردنی كارەبا ئەنجامدراون.
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری وزە دەكەن و بەشێكیشیان لە دژی عەلی خامنەیی كەسی یەكەمی ئێران دروشم دەڵێنەوە.
بەرپرسانی ئێران هۆكاری كێشەی كارەبا بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەری دەگێڕنەوە، ئەوەش بە دەرەنجامی كەمئاوی و زۆربوونی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی دراوە ئەلكترۆنییەكان ناودەبن، چوونكە ئەو كێڵگانە پێویستیان بە وزەیەكی زۆری كارەبا هەیە.
ئێران یەكێكە لەو وڵاتانە كارەبا هەناردەی وڵاتانی دیكە بە تایبەتی عێراق دەكات و بە هۆی ئەو كێشانەی لە ناوخۆ رووبەڕووی بووەتەوە، لە رۆژانی رابردودا هەناردەی كارەبای كەمكردوەتەوە و بەو هۆیەشەوە كێشەی كارەبا لە پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق قوڵتر بووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە