پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ٠٥ی ٢٠٢٠ بەهۆی زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و چین، کە دوو گەورەترین بەکارهێنەری نەوتن لە جیهاندا، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران لەبارەی کەمبوونەوەی گەشەسەندنی بازاڕە ئابوورییەکان زیادیکردوە، بەوەش نرخەکەی جارێکی دیکە دابەزییەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت ٢٦ سەنت دابەزیوە، کە ڕێژەی لەسەدا ٠.٧-ی نرخی پێشوویەتی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتوەتە ٣٥.٩١ دۆلار .
هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکا ٣١ سەنت دابەزی کە لەسەدا ٠.٩-ی نرخی پێشویەتی و بەوەش هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا بە ٣٤.٤ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پەرلەمانی چین، کە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەچوو حکومەتی ئەو ووڵاتە نەیتوانی پلانی گەشەکردنی ئابووری خۆی بۆ ئەمساڵ بخاتەڕو، ئەوەش نیگەرانی وەبەرهێنەرانی نەوتی لێکەوتەوە، جارێکی دیکە نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا داشکاندنی بەخۆوە بینی.
لەلایەکی دیکەوە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشینتۆن و پیکەن لەبارەی ئاسیشی هەرێمی هۆنگ کۆنگەوە زیادیکردوە و ئەگەری هەیە ئەمریکا دووبارە باجە گومرکییەکانی لەسەر بەرهەمەکانی چین زیادبکات، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی کەمبونەوەی خواستە لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە زۆرینەی ووڵاتەکانی جیهان رێکارەکانی خۆپارێزییان لە ڤیرووسی کۆرۆنا کەمکردەوە، ئەوەش بوە هۆی ئەوەی ٢٠ی ئەم مانگە نرخەکەی بەرزبێتەوە بۆ بەرزترین ئاست کە لە دوو مانگی رابردووەوە تۆماریکردبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە