پەیامی کورد ...
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/15 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەشدار بوو، دۆخی تەندرووستی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنرا و دوایین پێشهات و پلانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی کۆڕۆنا تاوتوێ کرا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لە سەر خەڵک سووک بکەین بە شێوەیەک کە کاریگەریی لە سەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندرووستییەکان نەکات.
ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەکات بە رێنماییە تەندرووستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی، بڕیاریدا پشووی فەرمی دام ودەزگاکانی حکومەت تا 2 ی ئایار درێژ بکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.
لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ئامادەکاریی ناردنی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف وشایستەکانی ھەرێمی کوردستان ویەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق وھەرێمی کوردستانیش.
ئەنجوومەنی وەزیران لە (32) مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوای کرد کە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەشی بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی کاولکاریی رژێمەکانی پێشوو وەک لە دەستووردا بە ئاشکرا جێگیرکراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها هێرشی حەفتەی رابردووی تیرۆرستانی داعشیشی بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار کرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان وبرینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی تر، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە ، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە جگە لە راپەڕاندنی ئەرکی پاراستنی ھەرێم لە ھێرشی تیرۆریستان ، یارمەتی ئاسایش وهێزەکانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی.
ئەنجومەنی وەزیران جەژنی قیامە لە خوشک وبرا مەسیحییەکان و سەری ساڵی ئاینی ئێزدیش لە خوشک و برا ئێزدییەکان پیرۆز دەکات .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە