پەیامی کورد ... مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، “ناكرێت فڕۆكەی F-35 بەئاسمانێكدا بفڕێت كە سیستمی بەرگری ئاسمانی S-400 تیادا چالاک بێت”.
پۆمپێئۆ لە میانەی كۆبوونەوەی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا دەربارەی بوودجەی وەزارەتەكەیەوە، بابەتی توركیا و سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400ی هەڵسەنگاند.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە بە كارێكی دروستی نازانن توركیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی S-400 بكڕێت و لەوبارەوە چەندین جار بۆچوونەكانیان بە بەرپرسانی توركیا راگەیاندووە.
مایک پۆمپێئۆ بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەڕووی تەكنیكییەوە ناكرێت F-35 و S-400 لەیەك شوێندابن و ووتی، “ناكرێت فڕۆكەی F-35 بەئاسمانێكدا بفڕێت كە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 تیایدا چالاک بێت”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەبیریهێنایەوە كە پێشنیاری سیستمی پاترییۆت-یان بۆ توركیا كردووە لە شوێنی S-400 و وتی، “ئەم پێشنیازە هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە و كار لەسەر وردەكارییەكانی دەكرێت. ئەوەمان بۆ توركەكان پێشنیازكردووە كە پارچەیەكی گرینگی F-35ەكان بەرهەم دەهێنن، ئەوان تەنها كڕیار نین، بەڵكو بەشێكن لە زنجیری بەرهەمهێنانی F-35ەكان. بەڕوونیش پێمان راگەیاندوون ئەگەر S-400 بكڕن، ئەو دۆخە بوونی نابێت”.
مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر توركیا سیستمی S-400 بكڕێت، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر دوژمنانی (CAATSA)، رێگا لەبەردەم ئەگەری كۆمەڵێک سزادا دەكاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە