عێراق ٣٣ هەزار هاووڵاتیی بیانی ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکاتەوە
پەیامی کورد ... عێراق ٣٣ هەزار هاووڵاتیی بیانی ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکاتەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی نیشینگەی عێراق بەهۆی سەرپێچیکردنیان لەیاساکان و دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، لەساڵی ٢٠٢٠دا ٣٣ هەزار و ١٦٤ هاوڵاتی بیانی رەوانەی وڵاتەکانیان کردوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سەرپێچیکردنیان لەیاساکانی مانەوە و دوای دەرچونی بڕیاری دادوەر لەبارەیانەوە، ساڵی رابردو ٣٣ هەزار و ١٦٤ هاوڵاتی بیانی بەگوێرەی یاسای نیشینگە ژمارە ٧٦ ساڵی ٢٠١٧ رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
ئەوەش هاتوە، پرۆسەی دەستگیرکردن و ناردنەوەی ئەو کەسانەش بەهەماهەنگی سەرجەم لایەنەکان بووە و هەوڵەکانیش بەدرێژایی کەرەنتینە بەردەوام بوون.
پێشوتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٨ هەزار کرێکاری بیانی بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاساییان نەبوە و وەبەرهێنەری یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی بەغدا بەمەبەستی خۆدزینەوە لەپێدانی باج پێچەوانەی یاسا کاری بەو کەسانە کردوە، بڕیاردراوە بەدورخستنەوەیان لەکار و لێپرسینەوە لە خاوەنی پڕۆژەکە.