عێراق و ئێران لەبارەی غازەوە ڕێککەوتن
پەیامی کورد... عێراق و ئێران لەبارەی غازەوە ڕێککەوتن
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەبارەی دابینکردنی غازەوە ڕێککەوتوون و گەیشتوون بە چارەسەری گونجاو.
ڕاگەیەندراوێک کە وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت، «عادل کەریم وەزیری کارەبا لەگەڵ جەواد ئۆجی وەزیری نەوتی ئێراندا کۆبووەتەوە و پەرەپێدانی وزە و دابینکردنی غاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراقیان تاوتوێ کردووە».
لە ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی زۆربوونی خواست لە ناوخۆی ئێراندا لەسەر غازی سروشتی، بڕی غازی هاوردەکراو لەو وڵاتەوە بۆ عێراق کەمی کرد و ئەوەش کەرتی کارەبای دووچاری گرفت کرد و وزەی بەرهەمهێنراو کەم بووەوە، چونکە بەشێک لە وێستگەکانی کارەبای عێراق بە غاز کار دەکەن.
وەزارەتی کارەبا جەختدەکاتەوە کە وەزیرەکەی سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێراندا ڕێککەوتوون بۆ هاوینی ئەمساڵ ئێران غازی پێویست بۆ عێراق دابین بکات و بەشێک لە گرفتی کەمیی کارەبا چارەسەر دەکرێت.