بە بڕیاری سەرۆککۆماری ئەمریکا هێزەکانی ئەو ووڵاتە لە پۆڵەندا زیاد دەکرێت
پەیامی کورد ... دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند : هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا زیاددەکەن، بەڵام مەبەستیان زیادکردنی ناکۆکیەکانیان نیە لەگەڵ روسیادا، دەشڵێت، "پۆڵەندا هەڵدەستێت بە دروستکردنی دامەزراوەی تایبەت بۆ پێشوازی لەهێزەکانمان".
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فڕانس پرێس ، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە لەمیانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا زیاد دەکەین، بەڵام ئەم هەنگاوە پەیوەنیدار نیە بەهیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ڕووسیا".
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆڵەندا هاوڕایە لەگەڵ لێدوانە دووبارەوەبوەکانی هاوپەیمانانی ئەتڵەسی کە بەڕادەیەکی زۆر پشت بە هێزەکانی ئەمریکا دەبەستێت لەو ناوچەیەدا، هەموو تێچووی هێزەکانیشیان لەلایەن پۆڵەنداوە دابین دەکرێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ترامپ ڕوونیکردەوە، "پۆڵەندا هەڵدەستێت بەدرووستکردنی دامەزراوەی تایبەت بەهێزەکانمان، من دڵنیام بەشێوەیەکی سەرەنج ڕاکێش دەردەچێت، هەموو خەرجیەکانی دامەزراوەکەش لەلایەن ئەوانەوە دابین دەکرێت".
ترامپ هیچ رونکردنەوەیەکی لەبارەی ئامانجی پلانی بەهێزکردنی هێزی سەربازی لەگەڵ پۆڵەندا نەخستەڕو، بەڵام ووتی، "هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی دیکەمان لە ئەورووپاوە ڕەوانەی ئەو ووڵاتە دەکرێت".