کۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان هەردوو كۆریاکەدا ئەنجامدەدرێت
دوای ئەوەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی سیئۆل کۆبوویەوە، سەرۆكی كۆریای باكوور رەزامەندی نێشاندا بۆ كۆبوونەوەی لووتكە لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باشوور.
بەپێی ئاژانس هەواڵییەکانی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە گەرمییەوە پێشوازی لەشاندی كۆریای باشوور كردووە، كە نامەیەكی سەرۆكی وڵاتەكەیان داوەتە دەستی، ئەوەش بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان هەردوو سەرۆك، لەسەر ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكان و لێكنزیكبوونەوەیان لەنامەکەدا ویستی سەرۆكی كۆریای باشوور خراوەتەڕوو.
لای خۆشیەوە ئاژانسی سكای نیوز بڵاویکردووەتەوە، کە كە سەرۆکی کۆریای باکوور بەڵێنیداوە، گرژییەكان لەنێوان هەردوو بەشی كۆریا كەم ببێتەوە، ئەمەیش دوای سەردانەکەی رۆژی دووشەممەی كۆریای باشوور دێت بۆ پیۆنگیانگی پایتەختی كۆریای باكور، کە چەندین كۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا ئەنجامدا وە.
جێی ئاماژەیە، گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكوور لەساڵی (٢٠١٥)وە رووی لە زیادبوون كردووە، پاش ئەوەی كیم جۆنگ ئۆنی سەرۆكی كۆریای باكوور دەستی بەتاقیكردنەوەی چەندان مووشەكی ئەتۆمی و بالیستی كرد، لەبەرامبەریشدا ئەنوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین سزای بەسەر كۆریای باكووردا سەپاندووە.