هیومان رایتس وۆچ: بکوژی چالاکوانە عێراقییەکان لایەنی سیاسییان لە پشتە
پەیامی کورد … هیومان رایتس وۆچ: بکوژی چالاکوانە عێراقییەکان لایەنی سیاسییان لە پشتە
رێکخراوی نێودەوڵەتیی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایدەگەیەنێت، گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکان، کە چالاکوانان دەکوژن، لایەنی سیاسییان لە پشتە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بڵاو کردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا، بەلقیس والی، توێژەری بەشی قەیران و ناکۆکییەکان لە رێکخراوەکە، رایگەیاندووە: سەرەڕای کەمبوونەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە عێراق، لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا کوشتنی چالاکوانان هەر بەردەوام بووە.
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەو یەک ساڵ و نیوەدا، 81 هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، کە بەشێک لەو هەوڵانە سەرکەوتوو بوونە و چالاکوانەکان کوژراون.
رێکخراوەکە هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر گرووپە چەکدارییەکان سزا نەدرێن و حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێک دژی ئەو گرووپانە نەهاوێژێت، کوشتنی چالاکوانان کاریگەریی نەرێنی دەدخاتە سەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامەکانی، کە بڕیارە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە بچێت.
هەر لە راپۆرتەکەدا، رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو چالاکوان و رۆژنامەنوسانەی لە عێراق تیرۆرکراون یان هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە، دەنگی خۆپیشاندەران بوون و نەیاری حکوومەت بوون.
بەڵقیس والی هەروەها رایگەیاندووە: چەکدارەکان بەشێوەیەک دڕندەن، لەناو شەقامەکانی شارە گەورەکانی عێراق تەقە لە چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکەن و هیچ ترسێکیان لە سزادان نییە، چونکە گرووپەکانیان حزبی سیاسییان لە پشتە و نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە.
والی پێی وایە ئەو لایەنە سیاسییانەی ئەو گرووپە چەکدارییانەیان هەیە، رەنگە پاش و پاش هەڵبژاردن بە کوشتن نەیارە سیاسییەکانیان بترسێنن و بگەن بە ئامانجەکانی خۆیان.