هەزاران خۆبەخشی بیانی گەیشتنە ئۆکراینا
پەیامی کورد... هەزاران خۆبەخشی بیانی گەیشتنە ئۆکراینا
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا گەیشتنی دەیان هەزار شەڕکەری خۆبەخشی بیانیی بۆ وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمریکییەکانیش ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی چەکداری سووری دەگوازێتەوە بۆ شەڕ.
دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا بە کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی وتووە، نزیکەی ٢٠ هەزار شەڕکەری خۆبەخشی بیانی گەیشتوونەتە ئۆکراینا، کە لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتوون، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاوە، بۆ پشتگیری لە ئۆکراینا دژی ڕووسیا.
کۆلیبا بە میدیا ئەمریکییەکەی وتووە، «لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەس لە جیهاندا ڕقیان لە ڕووسیا و کارەکانی بوو، بەڵام کەس بوێریی بەرپەرچدانەوەی نەبوو، بۆیە کاتێک ئۆکرانییەکانیان بینی کە دەجەنگن و خۆیان نادەن بەدەستەوە، بووە پاڵنەر زۆر کەس تا بەشداریی شەڕ بکەن».
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی گواستوویەتیەوە، ڕووسیا چەکدارانی سووری دەگوازێتەوە بۆ بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراینا.
بەرپرسانی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، ڕووسیا، کە لە ٢٠١٥وە لە سوریا بوونی هەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستیکردووە بە بەسەربازکردنی چەکدارانی سووری، «بەو هیوایەی ئەزموونی ئەو چەکدارانە یارمەتیی بدەن لە شەڕدا، بەتایبەت لە بەرەی کیێڤ و کۆنترۆڵکردنی پایتەختەکە».
بەرپرسە ئەمریکییەکان پێیانوایە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵکشانی زیاتری شەڕ لە ئۆکراینا.