ئەمریکا بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
پەیامی کورد... ئەمریکا بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرێت
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئۆکراینا داوای کەلوپەل و چەکی زیاتر دەکەن بۆ بەرگریکردن بەرامبەر بە تۆپبارانە قورسەکانی هێزەکانی ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی بچووک و دژە تانک و دژە فڕۆکە ڕەوانەی ئۆکراینا دەکات.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا گوتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا جۆو بایدن ڕۆژی شەممە مۆڵەتی یارمەتی ئەمنی زیاتری بۆ ئۆکراینا دەرکردووە، و کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بارکردنی "دەستبەجێ" ی کەرەستە سەربازییە نوێیەکان بۆ ئۆکراینا.
بە گوتەی بەرپرسانی باڵای حکومەت، بڕیارەکەی بایدن کۆی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢١وە تا ئێستا، بۆ ١.٢ ملیار دۆلار زیاد دەکات، و هەروەها کۆی یارمەتییەکان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤وە کە ڕووسیا کریمیای خستە سەر خاکی خۆی و داگیری کرد بۆ ٣.٢ بلیۆن دۆلار بەرز دەکاتەوە.
بایدن لەیاداشتێکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی داوە کە لەڕێگەی یاسای یارمەتییەکانی دەرەوە، تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەرگری ئۆکراینا تەرخان بکرێت.
ئەو یارمەتییە دەتوانرێت بۆ چەک و کەرستەی دیکە لەناو عەمباری وەزارەتی بەرگری و هەروەها بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی سەربازی بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا لە دژی داگیرکاری ڕووسیا کە لە ئێستادا لە هەفتەی سێیەمدایە، بەکار بهێنرێت.
یەکێک لە بەرپرسەکان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بێت، گوتی "ئەمریکا یارمەتی خێرای سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکات، لەوانە سیستەمی دژە زرێپۆش و دژە فڕۆکە و چەکی بچووک بۆ پشتگیری بەرگریکارانی هێڵی پێشەوەی ئۆکراینا"
پێنتاگۆن ڕەتی کردەوە لەو بارەیەوە لێدوان بدات و وەڵامی پرسیارەکانی خستە ئەستۆی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئۆکراینا داوای چەکی زیاتری دژە تانک و مووشەکی ستێینگەر دەکات بۆ خستنە خواری فڕۆکەکانی ڕووسیا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین جار لە عەمباری چەکەکانی ئەمریکا، چەکی بۆ ئۆکراینا دابینکردوە، لەوانە لە پاییزی ٢٠٢١ و پاشان لە مانگی ١٢ دا و ئەمساڵیش لە مانگی ٢ وە دووبارە دەستی پێکردووەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندنی پێنتاگۆن، دواین دەستەی چەک کە لە مانگی ٢دا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا دابین کرابوو، بریتی بوو لە دژە زرێپۆش، چەکی بچووک، جبەخانەی چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر و هەروەها سیستەمی دژە فڕۆکە.
شەوی پێنجشەممە کۆنگرێسی ئەمریکا بڕی ١٣.٦ ملیار دۆلار یارمەتی فریاگوزاری بۆ ئۆکراینا پەسەند کرد.
ئەو پرۆژە یاسایە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە پێشکەش کرا و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تێپەڕی و لە کۆتاییدا بە دەنگی "ئەرێنی" ٦٨ سیناتۆر و دەنگی نەرێنی ٣١ سیناتۆر پەسەند کرا.