TR KU SO
FB X
Cîhan

ئەمریکا مووشەکێکی حووسییەکان و سێ درۆنی ئێرانی لە کەنداوی عەدەن خسته‌ خواره‌وه‌

Navas Jan
Admin
📅 01 Şubat 2024 16:06

پەیامی کورد... ئەمریکا مووشەکێکی حووسییەکان و سێ درۆنی ئێرانی لە کەنداوی عەدەن خسته‌ خواره‌وه‌


فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە کەنداوی عەدەن مووشەکێکی حووسییەکان و سێ درۆنی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە بەبێ هەبوونی هیچ زیانێکی گیانی و مادی.

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 1ی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) بڵاویکردەوە، "رۆژی چوارشەممە 31ی كانوونی دووه‌می 2024، نزیکی کاتژمێر 8:30ـی شەو بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران مووشەکێکی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە لە یەمەن ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرد".

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكردووه‌، کە مووشەکەکە لەلایەن کەشتیی تێکشکێنەری یو ئێس ئێس کارنی خراوەتەوە خوارەوە. هەر لە راگەیه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە، "نزیکی کاتژمێر 9:10ـی شەو یو ئێس ئێس کارنی سێ درۆنی ئێرانی لەو ناوچەیە خستووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە".

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ (چوارشەممە) سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاتژمێر 3:45ی دوانیوەڕۆ بەکاتی سەنعا هێزەکانمان مووشەکێکیان دەستنیشانکرد کە ئامادەکرابوو بۆ هەڵدان"، سێنتکۆم دەڵێت، "ئەو مووشەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان بووە لە یەمەن و هەڕەشە بووە بۆ سەر هێز و فڕۆکەکانمان".

حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، هێرشەکانیان پشتیوانیێکن بۆ غەززە لە دژی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیاوە هەیە.

هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، هێشتا حووسییەکان لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور کردووە و دەڵێن: "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین".

هێرشی ئەو گرووپە زیانی لە ٪12ـی بازرگانیی نێودەوڵەتی داوە و چەندین کۆمپانیای ناچارکردووە رێڕەوەکانیان بگۆڕن.

دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکیان کردە سەر حووسییەکان، گرووپەکە لە وەڵامدا وتیان کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی ئێمە دەبن".
 

Paylas: