ئاژانسى ئەمنى ئاسمانى ئەورووپا ئاسمانى ئێرانی نائەمن ناوبرد
پەیامی کورد ... ئاژانسى ئەمنى ئاسمانى ئەورووپا ئاسمانى ئێرانی نائەمن ناوبرد!
١ سوپاى پاسداران لە هێرشێکى لە پێش ڕاگەیێنراودا بە دەوڵەتى عێراق، "عین الاسد "ى دایە بەر مووشەک، بۆ ئەوەى "تۆڵەیەکی قورس" لە بەرامبەر خوێنى قاسم سولەیمانى بکاتەوە لە بنکەى سەربازى ئەمریکییەکان.
"نیگەرانى لە ووڵامدانەوە و هەوڵدان بۆ درووستکردنى قەڵغانى مرۆیی"، بە گومانى زۆرێک لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، بووە هۆى ئەوەى کە کۆمارى ئیسلامى بڕیار بدات لە کاتى دۆخى شەڕاوىدا ، ئاسمانى ئێران بۆ فڕینى فڕۆکەکان ئازاد بکەن. لەم نێوەندەدا، فڕینى ژمارە ٧٥٢ى هێڵى ئاسمانى نێونەتەوەیی ئۆکڕانیا بە مووشەکێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانى نزیک فڕۆکەخانەى خومەینى خرایە خوارەوە و ١٧٦ موسافیرەکەى گیانیان لەدەست دا.
شەش مانگ دواى ئەم کارەساتە، لە کاتێکدا کە هێشتا هۆکارەکانى ڕوون نین، ئاژانسى ئەمنى ئاسمانى ئەورووپا هۆشدارى دایە فڕۆکە موسافیربەرەکان سەبارەت بە بەکارهێنانى ئاسمانى ئێران. ئەم ئاژانسە دەڵێت "فڕۆکە مەدەنییەکان مەترسییان لەسەرە، چوونکە ئەگەرى هەیە پەدافەندى ئاسمانى کۆمارى ئیسلامى بیانتەقێننەوە".
"هەڵەى مرۆیی"، هۆکارێک بوو کە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى سەبارەت بە خستنەخوارەوەى فڕۆکە ئۆکراینییەکە خستیانە ڕوو، ڕەنگە سەبارەت بە تەقەکردنە دەستى ئەنقەستەکە و هۆکارەکانى دیکە، کۆمەڵێک سزا و قەرەبوو لە لایەن کۆمارى ئیسلامى بە دواوە بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرەنجامەکەى بۆ ئاسمانى ئێران جۆرێکى دیکە دەبێت و باش نابێت.