ڕێژەی ئاوی عێراق ٥٠٪ کەمی کردووە
پەیامی کورد... ڕێژەی ئاوی عێراق ٥٠٪ کەمی کردووە
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتدا لە ساڵی ڕابردووەوە بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمیان کردووە بەهۆی وشکە ساڵی بەردەوام، کەمی ڕێژەی بارانبارین، و نزمبوونەوەی ئاستی ڕووبارەکانی نێو وڵات.
وڵاتی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت وێڕای هەبوونی دوو ڕووباری گەورەی دیجلە و فورات کەچی بە یەکێک لەو ٥ وڵاتەی جیهان دانراوە کە لەبەردەم گەورەترین مەترسی گەرمبوونی زەوی یاخود گۆڕانی کەشوهەوادان.
عەون دیاب، ڕاوێژکارێکی باڵای وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، دەڵێت، «یەدەگی ئاوی عێراق ئەمساڵ زۆر کەمترە بە بەراورد بە ساڵی پار، بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪، بەهۆی کەمی بارانبارین و ئەو بڕەی کە لە وڵاتانی دراوسێوە دێت.»
هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات، کە بە نێو خاکی عێراق و تورکیا و سووریا تێ دەپەڕن. عێراق زۆر جار زۆر جار ناڕەزایەتی دەربڕیوە کە دروستکردنی بەنداو لەو وڵاتانە بووەتە هۆی کەمبوونی بڕی ئاوی ئەو ڕووبارانە لە عێراق.
دیاب دەڵێت، «ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکە بۆمان کە چۆن سەرچاوە ئاوییەکانمان لە هاوین و زستانی داهاتوودا بەکار بهێنین. دەبێت ئەم هۆکارانە ڕەچاو بکەین کاتێک پلان بۆ کەرتی کشتوکاڵ دادەنێین.»