سودانی بە نهێنی داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردووە
پەیامی کورد... سودانی بە نهێنی داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردووە
رۆژنامەیەکى ئەمریکی ئاشکرای دەکات، محەمەد شیاع سودانی و راوێژکارەکانی چەند برووسکەیەکی نهێنییان بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە عیراق کردووە .
رۆژنامەی "بۆلیتیکۆ"ى ئەمریکى برووسکەیەکى نهێنی دەستکەوتووە و ئاشکرا کردووە، سودانی داوای گفتۆگۆی لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ووڵاتەکەیدا کردووە و سەبارەت بەو داوایەش کە وتبووی : "دەبێت هێزەکانی هاوپەیمانان عیراق جێبهێڵن " ، تەنها بۆ رازی کردنی هاوڵاتییانی عیراق بووە .
هەروەها جگە لە سودانی ، راوێژکارەکانیشی بە بەپرسە ئەمریکییەکانیان وتووە کە سۆدانی لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی نەرێنی نییە و ئامادەی گفتۆگۆی نهێنییە لەوبارەیەوە و ئەو قسانەشی کە لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەو ووڵاتەوە کردوویەتی لە عیراق ، تەنها بۆ ڕاگرتنی دڵی هەندێک لایەن و هاوڵاتییان بووە .
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر ، سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند کە ئیتر هیج جۆرە بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عیراقدا نەماوەو دەبێت بە زووترین کات کە خاکی عیراق بکشینەوە.
لە وەڵامی ئەم داوایەی سۆدانی ئەمریکا وتی لەئێستادا هیچ پلانیکی کشانەوەمان لە عیراقدا نییە.
لە لایەن خۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا رەتی کردەوە هەرجۆرە لێدوانێک لەنارەی ئەم بروسکە نهێنییەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بدات.
چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان پێیان وایە کە ئەم داوایەی سۆدانی بە نهینی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراقدا ، گرنگییەکی زۆری بۆ ئیدارەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا هەیە و ئەمریکییەکان پێیان وایە کە گرنگی مانەوەیان لە عیراقدا تەنها بۆ بەرپەرچدانەوەی چەکدارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نییە ، بەڵکو لەوە گرنگتر بۆ رووبەرووبوونەوەی فراوانبوونی دەسەڵاتی ئێرانە لە ناوچەکەدا و عیراقیش ستراتیژیترین شوێنە بۆ ئەو رووبەرووبوونەوەیەی ئێران.