TR KU SO
FB X
Cîhan

تەندروستی غەززە: زیاتر لە حەوت هەزار نەخۆش پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە

Navas Jan
Admin
📅 26 Ekim 2023 18:45

پەیامی کورد... تەندروستی غەززە: زیاتر لە حەوت هەزار نەخۆش پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە

وتەبێژی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، زیاتر لە حەوت هەزار کەس کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە برینداربوون و نەخۆش کەوتوون و پێویستیان بە چارەسەر و نەشتەرگەری بەپەلە هەیە.


ئەشرەف قودرا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی نەخۆشخانەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ئێستادا ناتوانن خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست پێشکەش بە نەخۆش و بریندارەکان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە حەوت هەزار نەخۆش و بریندار هەن کە پێویستیان بە چارەسەر و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بەپەلە هەیە.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکی پێویست لە نەخۆشخانەکاندا بەشێوەیەکی خێراتر نەخۆشی و پەتا لەنێوانیادا بڵاودەبێتەوە و داوای دەستێوەردانی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دەکەن.
هاوکات، تەندروستی غەززە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ نزیکەی ٦هەزار کەس بەرزبووەتەوە و ٤٠٪ـی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن.

لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای ئیرسرائیل رایگەیاند، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە تانکەوە چوونەتە ناو کەرتی غەززە، پاش ئەوەی چەند ئامانجێکیان پێکاوە کشاونەتەوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردوە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە، هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و وەستاندنی جەنگەکە دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی چوار رۆژدا نزیکەی ٦٢ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە گەیشتوونەتە غەززە.

Paylas: