تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا ٧٠٠ کەسی تێ پەڕاند
پەیامی کورد... تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا ٧٠٠ کەسی تێ پەڕاند
ناوەندی توێژینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە ٧٠٠ کەس تووشی نەخۆشی سورێژەی مەیموون بوون، لەو ژمارەیەش ٢١ تووشبوویان لەناو ئەمریکا تۆمارکراون.
ناوەندی توێژینەوە لە نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوەشکردوە، تاوەکوو ڕۆژی هەینی ٢١ تووشبووی نەخۆشی سورێژەی مەیموون لە ئەمریکا تۆمارکراون، ئەوەش ترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاکەی لەلای دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمریکا دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرینەی ئەوانەی تووشی پەتاکە بوون، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەن کە گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەشیان لەناو وڵاتدا تۆمارکراون و نازانن سەرچاوەی تووشبوونیان چییە.
پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندبو، لە ئێستادا سەرژمێری دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ژمارەی تووشبووانی سورێژەی مەیموون لەوڵاتان چەندە و ئەو وڵاتانە کامانەن کە هیچ توشبویەکیان تێدا تۆمارنەکراوە، جەختیش دەکاتەوە پابەندبون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان گەرەنتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە دەکات.
سورێژەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی گوازراوەیە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، ئەو نەخۆشە لەشوێنە دورەدەستەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا لەنزیک دارستانە کەمەرەییەکان هەیە، سورێژەی مەیموون دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی ئاژەڵی کێوی و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشە لەڕێگەی مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ کەمە.
دیارترین نیشانەی تووشبوون بە سورێژەی مەیموون بریتییە لە دەرکەوتنی ئاوڵ لە دەموچاو و پاشان گواستنەوەی بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە. هەرچەندە لە ساڵی ١٩٨٠وە ئەو نەخۆشە بنبڕکراوە، بەڵام تا ئێستا لە چەند بەشێکی کیشوەری ئەفریقا سەری هەڵدەداتەوە.