بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی هەولێر هۆشداری دەدات
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی هەولێر رایگەیاند : 13 شوێن لە پارێزگای هەولێر بەهۆی دوو پرسەكەوە كەرەنتین كراون و تا ئێستاش 4 نەخۆشخانە بۆ هەڵگرانی ڤیرووسی كۆرۆنا بەكارهێنراون، هۆشداریش دەدات، كە رەوشەكە وا دەبینن ڤیرووسەكە چۆتە ناو كۆمەڵگەوە، بۆیە داوا دەكەن هاووڵاتیان لە ماڵەوە بمێننەوە.
ئەمڕۆ 7/4/2020 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دكتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی هەولێر وتی: لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەی تۆماركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێژەی بەرچاو بەرزبۆتەوە و ئێستا بە گشتی لە هەولێر 138 كەس توشوبون و 20-یان چاك بوونەتەوە و 118 توشبو لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە، بۆ چارەسەركردنیش 4 نەخۆشخانە بەكارهێنراون.
وتیشی: لە فریاكەوتنی ناوەند لەناو شاری هەولێر نەخۆشەكان دەستنیشان دەكرێن و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی دیكە، سەرەتا نەخۆشخانەی پێشمەرگە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ئیماراتی و ئێستا بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دەگوازرێنەوە، ئاشكراشیكرد، 50%ی توشبوانی هەولێر لە دوو پرسەكەوە توشبون، چوونكە دوو رۆژی پێشتر 18 كەس و دواتریش 41 نەخۆش و ئەمڕۆش 5 نەخۆشی دیكە تۆماركراون و هەموو ئەوانەش لە نەخۆشخانەی رزگاری خەوێنراون.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لەبارەی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەكان، بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی هەولێر وتی: لەگەڵ وەزیری تەندرووستی سەردانی نەخۆشخانەكەمان كرد و ئەو ڤیدیۆیە دورە لە راستییەوە، بەڵام ئەو هاووڵاتیە هەوڵیداوە لە نەخۆشخانە هەڵبێت و ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوكردۆتەوە.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر 3 هەزار و 95 كەس كەرەنتین كراون، لە ئێستادا تەنها 679 كەس ماون و ئەوانی دیكە ڕەوانەكراونەتەوە، ئەوانەشی سەردانی پرسەكانی گەرەكی كارێزانیان كردبوو هەموو ئەو گەڕەك و شوێنانە كەرەنتین دەكرێن و تیمەكانی تەندروستی پشكنینەكان ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر هۆشداریشی دا "بەگشتی رەوشەكە وا دەبینین ڤایرۆسەكە چۆتە ناو كۆمەڵگەوە، بۆیە داوا دەكەین هاووڵاتیان لە ماڵەوە بمێننەوە".