دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران بڵاو کردەوە
پەیامی کورد ... دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران بڵاو کردەوە
بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێوەدەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتی و گەشتیارانەی دەیانەوێت گەشتی وڵاتی ئێران بکەن بڵاوکردەوە.
راگەیاندراوێکی دەروازەی حاجی ئۆمەران تێدا هاتووە کە "ئاگاداری گشت هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوانەی بە نیازن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بکەن، لەبەر هەبوونی هەندێک گرفتی تەکنیکی و ئیداری، لە ئێستادا ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی وڵاتی ئێران بکەن".
ئەوەش خراوەتە روو، "ئێمە بە بەردەوامی لە رێگەی پەیوەندییەکانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە گفتوگۆداین بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و دانانی رێکار و میکانیزمێکی گۆنجاو تاکو گەشتیاران بە ئاسانی بتوانن بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان هاتوچۆی وڵاتی ئێران بکەن".
هەروەها دەروازەی حاجی ئۆمەران داوا لە هەموو گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقى دەکات جارێ بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەکەن بەمەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی ئێران تاکو ئەم بابەتە رێکدەخرێت و پاشان ئاگاداری هەموو هاووڵاتییان دەکرێتەوە.