گفتووگۆی نێوان شاندی هەرێم و عێراق دەست پێدەکات
پەیامی کورد ... گفتووگۆی نێوان شاندی هەرێم و عێراق دەست پێدەکات .
لە ئەمڕۆوە گفتوگۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و بەرپرس و لایەنە عیراقییەكان دەستپێدەكات، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقیش دەڵێت، مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیكەی عیراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەكانەوە دەستی بۆ ببرێت.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرس و لایەنە سیاسی و حكومییەكانی عێراق دەستپێدەكات و پرسەكانی نەوت و ووزە و شایستە داراییەكان تاووتوێدەكەن.
لای خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ئاشكرایكرد، بەمەبەستی چارەسەری پرسی مووچە و پێكهێنانی حكومەت، سەرۆك كۆمار پێشوازی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كردووە، لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرهەم ساڵح ووتوویەتی "پێویستە پەنا بەرینە بەر دەستوور و پابەندی یاسای بوودجە و بەركەوتەكانی و بەرژەوەندی نیشتمانی بین، لە پێناو گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی هاوبەشیش، كە مافی سەرجەم هاووڵاتیان دەپارێزێت، گرینگە بە ڕاشكاوانە پەنجە بخرێتە سەربرینەكان و چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە".
سەرۆك كۆمار راشیگەیاندووە، موچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیكەی عیراق مافێكی دەستورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەكانەوە دەستی بۆ ببرێت، پێویستە بەشێوەیەكی شەفافانە پرسی پاكتاوی دارایی بەڕێوەبچێت بەپێی دەستور و یاسای بودجە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتەمایەی دواخستن یا بڕینی موچەی فەرمانبەران، دۆخەكە قورسە و پێویستی بە ئیرادەی چارەسەرێكی دادپەروەرانەیە و پێویستیشە موچەخۆران نەكرێنە قوربانیی ناكۆكییە سیاسییەكان.