هێڤیدار ئەحمەد: ٣٦٪ی کارەبای هەرێم دەدزرێت
پەیامی کورد... هێڤیدار ئەحمەد: ٣٦٪ی کارەبای هەرێم دەدزرێت
هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ٣٦٪ی کارەبای هەرێم دەدزرێت کە ئەوەش خەڵکی هەژار نایکات و لە هەمووان زیاتر پابەندن بە ڕێنمایییەکانەوە.
هێڤیدار ئەحمەد لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کردووە، ٣٦٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەدزرێت، کێ دەیدزێت؟ ئایا کەسێک کە خانوویەکی ١٠٠ یان ٢٠٠ مەتری یەک نهۆمی هەیە کارەبا دەدزێت؟
ڕوونیشی کردووەتەوە، خەڵکی هەژار لەم هەرێمی کوردستانە لە هەموو کەس زیاتر پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەو خەڵکە بڵێ پێوەر ببەستە دەیبەستێت، پارە بدە دەیدات، سەرە بگرە دەیگرێت، هەموو شتێک دەکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی تری قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کردووە، ئەو کارەبایەی دەدزرێت هەموو مانگێک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٨ ملیار دینار دەکەوێت.