حەوت کەس لە بانە دەستبەسەر کران
پەیامی کورد... حەوت کەس لە بانە دەستبەسەر کران
لە بەرەبەری ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، حەوت چالاکی کرێکاری و مەدەنی ناسراوی شاری بانە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، نیشتمان ڕەحمەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی، پەروین عەبدوڵڵاپەنا، فاتێح مەجیدی و ئەفشین ڕەحیمی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.
هەنگاو لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو بەشێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو حەوت چالاکە کوردە و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریانیان کردووە.
لەو حەوت کەسە نیشتمان ڕەحمەتی ژنی سەعید محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە، بەڵام شەش کەسی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی بانە، پەروین عەبدوڵڵاپوور، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری مافەکانی ژنان) ژنی حەسەن عێزەتی)، عومەر سولەیمانی ۵۸ ساڵە چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو و سەعید محەممەدی ٤١ ساڵە، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو ، ئەفشین ڕەحیمی و فاتێح مەجیدی ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە کراون.
جێگای باسە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم حەوت کەسەدا توندوتیژییان بەکار هێناوە و مۆبایلەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەم کەسانە لە بەر دەستدا نییە.