یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه
پەیامی کورد... یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت
ئەمرۆ چوارشەممە 6_ی ئهیلول_ی 2023 ، كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەشداری ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی سەركرایەتی و بەرپرسی سەرجەم لقەكانی یەكێتی زانایان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئاماژه بهوه دراوه، كۆبوونەوەكە وێڕای باسكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایان و تاوتوێی چەند پرسێكی ئایینی و پیشەیی، تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتە هەنووكەییەكان لەدۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی گوزەرانی خەڵك و بابەتی بودجە و موچه و مافی هاووڵاتیان و كێشەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك و رۆڵ و خزمەتی زانایانی ئایینی و پرسی دامەزراندنی خۆبەخشان، هەروەها جەخت لە هاوهەڵوێستی و كاری پێكەوەیی لەچوارچێوەیی بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی كرایەوە و، بۆ بەرچاوڕوونی رای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار چەند خاڵێك بە گرنگ دەزانێت.
دهقی راگهیهندراوی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان:-
زانایانی ئایینی قەدرگران
موسڵمانانی بەرێزی كوردستان
لەروانگەی هەست كردنمان بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی و سەقامگیری كیان و كۆمەڵگەو بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەلاغێك كۆتایی بە كۆبوونەوەی خۆی هێناو ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بە گرنگ دەزانێت:
یەكەم: گەلی كورد لە چوارچێوەی هەستی موسڵمانێتی خۆیدا هەمیشە رێزگرتن لە رێڕەوی گەورە زانایان بەلایەوە گرنگ بووە و، بە سەرچاوەیەكی بەهێزی لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی روانیوە، بەردەوامیش هەوڵ و خزمەتەكانی مەلای كورد بەرهەمدارو لە گەشەو پێشكەوتن خۆی بینیوەتەوەو نەكەوتۆتە ژێر باری فەوزای دروستكراوو ناكۆكی و ململانێی نا تەندروستەوە.
دووەم: یەكێتی زانایان لە گوزەرانی زانایان و بارودۆخی ئایینی و رەوشی ئیدارەدان و ئاستی هەوڵ و هەنگاوو كاردانەوەكان تێدەگات، بەردەوام پەیامی خۆی هەبووەو پێشنیاری دیراسەكراوی گەیاندووە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم زانایان سوورتر دەبین لەخزمەتكردنی ئایین و پاراستنی رێڕەوی گەورە زانایان و، ئەو ئامانجانەی یەكێتی زانایانی لەسەری دامەزراوە.
سێیەم: لەپێناو پاراستنی بەهای كاری بانگەوازی و گوتاری ئایینی و بەرەو پێشبردنی رەوشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگەوتەكان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و، رێگری لە نالەباری بۆچوونی هاوردەو نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگەو رێڕەوی زانایان و، یەكدەنگی و یەكڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وەك هەر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فكری و عەقیدەیی دێرینی مەلای كورد پەیڕەوكردنی مەزهەبی ئیمانی شافیعی وەك مەزهەبی رسمی هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت.
چوارەم: یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مەرجەعی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی مەلای كوردەو نوێنەرایەتی زانایانی ئایینی لەهەرێمی كوردستان دەكات، ئەنجومەنی باڵای فەتوای ئەم یەكێتیەش بەرپرسیارە لە دەركردنی فەتواو بابەتە ئیجتیهادییەكان، بۆیە ناكرێ مینبەری مزگەوت و كەناڵ و پەیج و سایتی كەسی ببنە شوێنی فەتوادان، هەروەها مزگەوت شوێنی خواپەرستی و ناوەندێكی گەورەی پەروەردەی رۆحی و ئیمانییە، پێویستە پەرەی زیاتری پێ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێتە شوێنی پەرتەوازەیی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مەزهەبی و كەشی ئارامی دینداری بشێوێت، چونكە دەبێتە فاكتەری بەرهەمهێنانی رق و كینەو ئاژاوەو گوتاری توندڕەی و دواجار خزمەتێك بە گەل و وڵات ناكات.
پێنجەم: یەكێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری كەركوك و گوزەران و دواكەوتنی موچەی هاوڵاتیان لە لایەن حكومەتی عیراقەوە، كە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت، داواش لە هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەین بە یەكهەڵوێستی و تەبایی نێوخۆی هەرێم ئاوڕی جددیتر لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بدەنەوە.